کوڕە شەهیدێک دوای 51 ساڵ گۆڕی باوکی دەدۆزێتەوە

رووداو دیجیتاڵ 

پێشمەرگەیەکی ئەیلول چیرۆکی شەهیدبوونی سێ هاوڕێکەی دەگێڕێتەوە کە لە مانگی 6ـی ساڵی 1974 لە چیای کێلا شەیدایێی دهۆک، دوای ئەوەی سوپای عێراق بە فڕۆکە و تۆپ هێرش دەکەنە سەر پێشمەرگە، شەهید دەبن.
 
عوسمان یاسین، پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلولە و بەم جۆرە چیڕۆکی شەهیدبوونی سێ هاوڕێکەی دەگێڕێتەوە: "دوو و نیوی شەو حکومەت لێرەوە سەرکەوت. حکومەت و چەتە هاتن و هێشتا بانگی بەیانی نەدابوو، حکومەت بە فڕۆکە هاتمە سەرمان، تاوەکو ئێوارە جووتێک دەهات و جووتێک دەڕۆیشت، دواتر ئێمە شوێنەکەمان چۆڵ کرد و ئەوان هاتنە شوێنی ئێمە."
 
شەهید عیسا ئۆرمەداودی، یەکێک لە سێ شەهیدەکان بوو، برینەکەی لە سەری بوو، تاوەکو لە چیایەکە هێنایانە خوارەوە گیانی سپارد. 
 
حامد ساڵح، یەکێکی دیکە بووە لەو پێشمەرگانەی لەو شوێنە بووە و لەبارەی رووداوەکە دەڵێت، "دوای ئەوەی هێسترمان هێنا لەسەر پشتی هێستر گیانی سپارد. ساچمە چووبووە نێو سەری و خوێن لە سەری دەهات. بە پشتێنی خۆم برینەکەم پێچا، بەڵام خوێنەکەی رانەدەوەستا."
 
تەرمی هەرسێک شەهیدەکە لە گوندی بەرێ بوهار بە خاک سپێردرابوو، لەبەر ئاڵۆزی دۆخەکە نەیانتوانیبوو بیانگەڕێننەوە ماڵەوە. دوای 51 ساڵ خێزانەکانیان گۆڕەکانیان هەڵدانەوە و گەڕاندیاننەوە.
 
محەممەد عیسا، کوڕی یەکێک لە شەهیدەکانە و لەبارەی دۆزینەوەی گۆڕی باوکیان دەڵێت، "لەوکاتەوە هاوڕێکانی دەیانگوت لە گوندی بەرێ بوهار شاردووماننەتەوە، لەوکاتەوە تاوەکو ئێستا پرسیارمان دەکرد کە لەکوێن، تاوەکو ئەم ساڵ هاوڕێکانی هاتن و پیشانیان داین. دایکیشم مرد و نەیزانی گۆڕەکەیان لەکوێیە." 
 
هەر سێ پێشمەرگە لە یەک شوێن شەهید کران و هاوڕێکانیشیان لە پەنای یەک شاردیاننەوە.