بەڕێوەبەری کۆمپانیای نەوتی باکوور: زیانە مادییەکانی ئاگرکەوتنەوەکەی ئەمڕۆ زۆر کەم بوون
رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی ئەمڕۆ ئاگرێکی گەورە لە وێستگەیەکی گازی کەرکووک کەوتەوە. بەڕێوەبەری کۆمپانیای نەوتی باکوور کە وێستگەکە لە سنووری سەرپەرشتیی کۆمپانیاکەیدایە، لەبارەی رووداوەکەوە دەڵێت، هەموو شتێک ئاسایی بووەتەوە و ئاگرکەوتنەوەکە لە بۆرییەکی بچووکی وێستگەکە بووە.
رۆژی شەممە، 21ی شوباتی 2026، عامر خەلیل، بەڕێوەبەری کۆمپانیای نەوتی باکوور بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، "هەموو شتێک ئێستا ئاساییە و لەنیوەڕۆوە کارکردن لە وێستگەکەدا دەستیپێکردووەتەوە. رووداوەکە هیچ زیانێکی گیانیی نەبوو، زیانە مادییەکانیشی زۆر کەمن و شایەنی باس نین." هەروەها دەشڵێت، رووداوەکە رێگر نەبووە لەبەردەم پڕۆسەی بەرهەمهێنانی گاز.
بەڕێوەبەری کۆمپانیای نەوتی باکوور ئاماژەی بەوە کرد، بەشە زیانلێکەوتووەکەی بۆرییەکە "تەنیا 4 مەتر درێژە و قەبارەی بۆرییەکەش 16 ئینجە."
ئاگرەکە کاژێر 3:20ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ، لە وێستگەی پەستانی گازیAB2 لە ناوچەی باجوانی پارێزگای کەرکووک کەوتەوە.
بەگوتەی عامر خەلیل، بچوکیی قەبارەی زیانەکە و بوونی پارچەی یەدەگی پێویست بۆ بۆریی 16 ئینجی، وایکرد تیمەکانی چاککردنەوە بتوانن لە ماوەیەکی کورتدا بۆرییەکە بخەنەوە کار و گواستنەوەی گاز لە نێوان وێستگەکانی AB2 و AB3 ئاسایی ببێتەوە.
دڵنیاییش دەدات لەوەی، هەموو رێکارێکیان بۆ دووبارەنەبوونەوەی رووداوی لەوشێوەیە گرتووەتەبەر.
باجوان دەکەوێتە باشووری رۆژئاوای کەرکووک لەسەر رێگەی قەزای دوبز.