ئەندامانی جەستەی ژنێک لە سەقز بەخشرانە سێ نەخۆش
رووداو دیجیتاڵ
ئەندامانی جەستەی ژنێکی تەمەن 65 ساڵی دانیشتووی شاری سەقزی پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان کە تووشی مردنی مێشک ببوو، بە رەزامەندیی خێزانەکەی بەخشرانە سێ نەخۆش و ژیانیان لە مردن رزگار کران.
رۆژی شەممە،21ی شوباتی 2026، پەروین خوسرەوی، بەڕێوەبەری تەندروستی سەقز رایگەیاند:" فریشتە بەسیری، تەمەن 65 ساڵ، دوای ئەوەی بەهۆی نەخۆشییەوە تووشی مێشک مردن ببوو، بە رەزامەندی و بڕیاری خێزانەکەی، ئەندامانی جەستەی بەخشرانە ئەو کەسانەی پێویستیان پێیە."
پەروین خوسرەوی گوتی: "هەردوو گورچیلە و جگەری ئەو ژنە بەخشرانە سێ نەخۆش کە ماوەیەکی زۆر بوو لە نۆرەی چاندنی ئەندامدا بوون."
پەروین خوسرەوی ئاماژەی بەوەشکرد، لە 11 مانگدا چوار کەس لە پارێزگای سنە ئەندامانی جەستەیان بەخشراوە.
16-02-2026، بێهنام رەوەندی، بەرپرسی تایبەت بە چاندنی ئەندامانی جەستە لە زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی کرماشان رایگەیاند، لە هەر دوو کاژێردا جارێک کەسێک لە ئێران بەهۆی نەبوونی ئەندامی جەستە بۆ چاندن گیان لەدەستدەدات.
بە گوتەی رەوەندی، هەر کەسێک کە تووشی مردنی مێشک دەبێت، دەتوانێت ژیان بە 8 کەس ببەخشێت.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی تەندروستی لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، ئێستا نزیکەی 25 هەزار نەخۆش لە لیستی چاوەڕوانیدان بۆ وەرگرتنی ئەندامی جەستە، لە کاتێکدا ساڵانە تەنیا نزیکەی 800 کەس ئەندامەکانی جەستەیان دەبەخشن.
ئەو کەسانەی تووشی مێشک مردن دەبن، دەکرێت بەشێک لە ئەندامانی جەستەیان وەک (دڵ، جگەر، گورچیلە، پەنکریاس و سییەکان) ببەخشرێتە ئەو کەسانەی بەهۆی پەککەوتنی ئەندامەکانیانەوە لە لێواری مردندان.