ئەنەکەسە لە عەفرین: چۆڵنەکردنی خانووی کورد لەلایەن عەرەبەکانەوە گەڕانەوەی 400 خێزان دوادەخات

 
رووداو دیجیتاڵ

وێڕای رێککەوتنی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و حکومەتی سووریا و بڕیاردان بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکانی عەفرین، ئەندامێکی ئەنەکەسە لە عەفرین دەڵێ، تاوەکو ئێستا رێگەخۆشنەکراوە بۆ گەڕانەوەی هەموو هاونیشتمانییان بۆ زێدی خۆیان.
 
ئازاد عوسمان، ئەندامی ئەنجوومەنی خۆجێیی عەفرینی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە)، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "نزیکەی 20 رۆژ لەمەوبەر ژمارەیەک خێزانی عەفرینی لە قامشلۆ و حەسەکەوە گەڕانەوە شوێنی خۆیان و ئەوە دوایین کاروان بوو."
 
ئازاد عوسمان کە لە عەفرینەوە بۆ رووداو قسەی دەکرد، گوتی، "رێککەوتن لەنێوان هەسەدە و دیمەشق کراوە و دەبوو هەموو ئامادەکارییەک بکرێ بۆ گەڕانەوەی عەفرینییەکان، بەڵام هیچ ئامادەکاری نەکراوە."
 
ئەو ئەندامەی ئەنەکەسە لە عەفرین ئاماژەی بەوە کرد، ئێستاش گەڕانەوەی عەفرینییەکان هەیە بۆ ناوچەکانیان، بەڵام "بە تاک و کەمی و بە خێزانی و قافڵە گەڕانەوە وەستاوە."
 
ئازاد عوسمان دەڵێ، "دەبێ خانووی کورد ئامادە بکرێ بۆ گەڕانەوەی هاونیشتمانییان، دەبوو لەم هەفتەیەدا 400 خێزان بگەڕێنەوە عەفرین، بەڵام بەگوێرەی زانیاریی ئێمە ناگەڕێنەوە، بەهۆی ئەوەی شوێن بۆ مانەوەیان نییە."
 
رۆژی 29-01-2026 هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و حکومەتی سووریا رێککەوتن و لەو چوارچێوەیەدا بڕیاردرا ئاوارەکان بگەڕێنەوە زێدی خۆیان.
 
لە سەرەتای ساڵی 2018دا سوپای تورکیا و ژمارەیەک گرووپی چەکداری ئۆپۆزیسیۆنی سووریای ئەو کات و نزیک لە تورکیا هێرشیان کردە سەر عەفرین و چەند رۆژێک پێش نەورۆز ئەو هەرێمەی رۆژئاوای کوردستانیان کۆنترۆڵکرد.