ناوەندێک: تێچووی بژێوی لە هەولێر لەسەر ئاستی باشووری کوردستان و عێراق بەرزترینە
رووداو دیجیتاڵ
تێچووی بژێوی لە شاری هەولێر لە شارەکانی دیکەی باشووری کوردستان و عێراق بەرزترینە، بەڵام هێشتاش لەسەر ئاستی جیهان وەک شارێکی هەرزان هەژمار دەکرێ.
ماڵپەڕی جیهانیی "نەمبیۆ" نوێترین ریزبەندیی تێچووی بژێوی بۆ ساڵی 2026 بڵاوکردەوە.
وێڕای ئەوەی داتاکانی نێو ماڵپەڕەکە بەهۆی زانیارییەکانی بەکارهێنەرانەوە رۆژانە نوێ دەبنەوە، لە یەکەم هەفتەی مانگی کانوونی دووەمی ئەم ساڵدا دوایین داتا و ریزبەندییەکان جێگیرکراون.
لەم ریزبەندییەدا کە زیاتر لە 500 شاری جیهانی لەخۆگرتووە، هەولێر وەک یەکێک لە شارە سەرەکییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاماژەی پێکراوە.
سێ گرانترین شاری جیهان لە سێ وڵاتی جیاوازدان: شاری زیوریخ لە سویسرا لە پلەی یەکەمدایە کە دانیشتووانەکەی خاوەنی بەرزترین ئاستی داهات و هێزی کڕینن لەسەر ئاستی جیهان.
دوای ئەو، شاری نیویۆرکە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا، کە وێڕای بەرزیی نرخ، دانیشتووانەکەی خاوەنی بەرزترین ئاستی داهات و هێزی کڕینن.
شاری ریکیاڤیکیش لە ئایسلاند لە پکەی سێیەم هاتووە.
نیویۆرک وەک پێوەرێکی جیهانی بۆ پێوانەکردنی تێچووی بژێوی لە ریزبەندییەکەدا بەکارهاتووە. لە هەمان کاتدا، تێچووی ژیان لەم سێ شارەدا بە نزیکەیی 3 بۆ 4 هێندەی تێچووی ژیانە لە شارە مامناوەندەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.
وێڕای گرانییەکەی لەسەر ئاستی ناوخۆ، بەگوێرەى داتاکان هەولێر وەک یەکێک لە "هەرزانترین" ناوەندەکانی وەبەرهێنان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەناسرێت.
پۆلێنکردنی شارەکان لە عێراق و باشووری کوردستان
لە عێراق تەنیا شارەکانى بەغدا و هەولێر ئاماژەیان پێکراوە.
داتاکان نیشانی دەدەن کە تێچووی بژێوی لە هەولێر (بێ کرێی خانوو) نزیکەی 35% بۆ 40%ـی تێچووی ژیانە لە شاری نیویۆرک کە وەک پێوەر بەکارهاتووە.
بەپێی شیکردنەوەی داتاکان، هەولێر لە رووی کرێی خانوو و تێچووی چێشتخانەکانەوە لە پێش شاری بەغداوەیە.
خێزانێکی چوار کەسی لە هەولێر، مانگانە پێویستی بە 1,800 بۆ 2,100 دۆلارە تاوەکو بتوانێت ژیانێکی ئاسایی (بێ کرێی خانوو) بکات، لە کاتێکدا ئەم بڕە لە بەغدا نزمترە.
بە گشتى، هەولێر لە ریزبەندی 391مین دێت، لە کاتێکدا تێچووى ژیان بە گشتى لە بەغدا دوو پلە کەمترە لە هەولێر و لە 393مین دێت.
نومبیۆ ئاماژە بەوە دەکات کە "هێزی کڕین" لە هەولێر بەراورد بە تاران یان ئەنقەرە لە ئاستێکی باشتردایە، ئەمەش بەهۆی جێگیریی داهات و بەکارهێنانی دۆلار لە مامەڵە گەورەکان.
بەپێی بەراوردکارییەکان، تێچووی نیشتەجێکردنی کارمەند و بەڕێوەبردنی ئۆفیس لە هەولێر بە رێژەی 45% بۆ 50% هەرزانترە لە شارەکانی وەک دووبەی، دەوحە و ئەبوزەبی.
ئەم جیاوازییە گەورەیە وایکردووە تێچووی کارپێکردن بۆ کۆمپانیا بیانییەکان لە هەولێر یەکجار کەم بێت، کە ئەمەش خاڵێکی سەرەکییە بۆ راکێشانی سەرمایەی دەرەکی.
دۆخی تارانی پایتەختی ئێران
لە داتاکاندا ناوى هیچ شارێکی رۆژهەڵاتى کوردستان نەهاتووە و تاکە شاری ئێران ناوى لە ریزبەندییەکەدا هەبێ، تارانى پایتەختە.
تاران لە رووی تێچووی گشتیی بژێوییەوە یەکێکە لە هەرزانترین شارەکان لەسەر ئاستی جیهان و تێچووی ژیان تێیدا تەنیا نزیکەی 22%ـی تێچووی ژیانە لە شاری نیویۆرک.
وێڕای نزمیی نرخ، هاووڵاتییانی ئەو شارە بەدەست خراپترین ئاستی "هێزی کڕین"ـەوە دەناڵێنن، کە ئەمەش بەهۆی دابەزینی بەهای دراوی نیشتمانی و بەرزبوونەوەی هەڵاوسانەوەیە.
لە هەمان کاتدا، کرێی خانوو لە تاران بەراورد بە ئاستی داهات لە رێژەیەکی یەکجار بەرزدایە، بە جۆرێک کە تێچووی نیشتەجێبوون گەورەترین ئاڵنگارییە بۆ خێزانەکان.
ئیستەنبووڵ گرانترینە لە تورکیا
لە داتاکاندا، 7 شارى تورکیا ناویان هاتووە بێ هیچ شارێکى باکوورى کوردستان، لەنێویاندا ئیستەنبووڵ بە گرانترین شار هەژمارکراوە.
تورکیا وەک یەکێک لەو وڵاتانە دەردەکەوێ کە تێچووی ژیان تێیدا بۆ خاوەن دراوە بیانییەکان نزمە، بەڵام هاووڵاتییانی ناوخۆ بەدەست قەیرانی "هێزی کڕین"ـەوە دەناڵێنن.
بۆ نموونە، تێچووی بژێوی لە شاری ئیستەنبووڵ نزیکەی 33% بۆ 36%ـی تێچووی ژیانە لە شاری نیویۆرک، کە ئەمەش وایکردووە لە ریزبەندییە جیهانییەکاندا وەک شارێکی هەرزان دەربکەوێت.
بەڵام دابەزینی بەهای لیرە و بەرزبوونەوەی رێژەی هەڵاوسان وایکردووە کە کرێی خانوو لە شارە گەورەکانی وەک ئیستەنبووڵ و ئەنقەرە بە شێوەیەکی زۆر بەرزببێتەوە، بە جۆرێک کە تێچووی نیشتەجێبوون بەراورد بە مووچەی مانگانە، گەورەترین بارگرانییە بۆ دانیشتووانی ئەو وڵاتە.
ماڵپەڕی نومبیۆ یەکێکە لە گەورەترین بنکە داتاکانی جیهان تایبەت بە روونکردنەوەی تێچووی بژێوی و کواڵیتی ژیان.
ئەم دامەزراوەیە پشت بەو زانیارییانە دەبەستێت کە بەکارهێنەران لە سەرتاسەری جیهانەوە رۆژانە تۆماریان دەکەن، پاشان لەرێگەی ئەلگۆریتمی تایبەتەوە پۆلێنیان دەکات.
تێچووی ژیان لە هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی راستەوخۆی بە ئاستی هاوردەکردنەوە هەیە، چونکە زۆربەی کاڵاکان لە دەرەوە دێن.
وێڕای ئەمەش، هەولێر وەک ناوەندێکی ئارام بۆ وەبەرهێنان و نیشتەجێبوون لە ناوچەکەدا ماوەتەوە کە ئەمەش وایکردووە خواست لەسەر خزمەتگوزارییەکان بە بەرزی بمێنێتەوە و تێچووی ژیان لە چاو شارەکانی دیکەی ناوەڕاست و باشووری عێراق گرانتر بێت.