گەشتیارانی ئێران روو لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەكەن
رووداو - هەولێر
رۆژانی نەورۆز وەک سەرەتای ساڵ و بۆنەیەکی نیشتمانی، لە ئێران درێژترین پشووی ساڵیشە، لەم وەرزەدا كەشوهەوا گونجاوە و لە زۆربەی ناوچەکان سرووشت بە دیمەنی بەهارییەوە دەڕازێتەوە. بۆیە زۆربەی ئێرانییەکان لەم دەرفەتەدا دەچنە سەیران و گەشتوگوزار. لای ئێرانییەکان باوە گەیشت بۆ هەر ناوچەیەک بکەن، شتێکی تایبەتی ئەو شوێنە بە دیاری و سەوقاتی لەگەڵ خۆیان ببەنەوە. هەندێ شاری ئێران بە سەوقاتییەکانیانەوە ناسراون وەک کاشان بە گوڵاو، قوم بە سەوهان، ئەسفەهان بە گەز.
پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەبەر سرووشتی جوان و ئاوهەوای لەبار و سنووریبوونیان، هەمیشە لە مەبەستەکانی سەفەرە نەورۆزییەکانن.
رۆژهەڵاتی کوردستان جگە لەوەی بە میوانداریی گەرموگوڕ و دیمەنگەل و ئاسەوارە مێژووییەکانی، سەرنجی گەشتیاران رادەکێشێت، هەرکام لە پارێزگاکانیشی سەوقاتیی تایبەت بە خۆیان هەیە.
هەورامان، کە دەکەوێتە هەردوو پارێزگای سنە و کرماشان، بەهۆی سرووشت و بیناسازییە تایبەتەکەی، زۆرترین گەشتیار بۆ خۆی رادەکێشی، روبهەنار، گوێز، بنێشتی کوردی، کڵاش، شاڵ، جاجم و سەبەتە و بەرهەمە تووڵچنەکان، لە دیارترین سەوقاتییەکانی هەورامانن.
جگە لە سەوقاتییەکانی هەورامان کە لە سنەشدا دەست دەکەون، شیرینی بەکونجی، بادامی سووتاو، هەنگوێنی سروشتی، مێوژ، و شیرینیی راحەتی یان باسلووق سەوقاتیی تایبەت بە شاری سنەن.
ورمێ زیاتر لە هەموو بەرهەمەکانی بە نوقڵی بیدمشکەوە دەناسرێت ئەم جۆرە نوقڵە کە لە ئارد، شەکر، گوڵاو، وانیل و گەردی گوڵی بیدمشک بە شێوازی تایبەت دروست دەکرێت تام و سوودی تایبەتی هەیە و زیاتر لەگەڵ چای دەخورێت. فەرش و جاجمی تایبەت بە خۆی و تیکاب بە ناوەکانی قەبا و ماسی و پیشەسازیی دەستیی دارینیش لە سەوقاتییەکانی دیکەی ورمێن.
ئیلام بەهۆی برەوی ئاژەڵداری بەتایبەت لای خێڵە کۆچەرییەکانی، زیاتر لە هەموو شت بە رۆنی کوردیی دان، یان رۆن کرماشانی ناسراوە، کەشک و ترخێنەش لە دیارییەکانی دیکەی ئیلامن.
کرماشان رەنگە هێندەی تاقەوسانەکەی، شیرینی کاک و نان برنجیش بەبیر دێنێتەوە ئەو دوو جۆرە شیرینییە تایبەت بە کرماشانن و کەم کەس هەیە بچێتە کرماشان و چەند کیلۆ کاک و نان برنجی بۆ خزم وکەسوکار نەباتەوە. کاک بە ئاردی سپی و لە توێژی ناسک ناسکی هەویر و بەشێوازێکی وەستایانە دروست دەکرێت.
پاش گەڕانەوە لە سەفەرێکی نەورۆزی، جگە لە یادگارییەکان و وێنە سێلفی و خێزانییەکان، چێژی سەفەر بەهۆی سەوقاتییەکانیشەوە تا ماوەیەک لای گەشتیاران دەمێنێتەوە.