کەرنەڤاڵی مەشخەڵ لە پایتەختی نەورۆز

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمساڵیش لە ئاکرێ بە گەرمترین شێوە پێشوازی لە ساڵی نوێی کوردی کرا، ئێوارەی دوێنی زیاتر لە هەزار مەشخەڵ لەسەر چیای کەلێی کۆن بە بەردەم ئاڵای کوردستان هاتنە خوارەوە و دیمەنێکی سەرنجڕاکشیان بەخشیبووە کۆتا ئێوارەی ساڵی 2721ـی کوردی.


خەڵک لە ناوچە جیاوازەکانەوە چووبوونە ئاکرێ بۆ بینینی ئەو دیمەنە، جەستن لوڤوێ گەشتیارێکە و دڵخۆشە بە کەرنەڤاڵەکە و دەڵێت: "من لە فەرەنساوە هاتووم بۆ ئاهەنگی نەورۆزی ئاکرێ، ئەمرۆ کاژێر شەشی بەیانی گەشتمە ئاکرێ و تاوەکو ئێستا هەموو ئەو شتانەی کە بینیومن جوان و دڵخۆشکەر بوون بە تایبەت خەڵک و گۆرانییەکان".

ئەیال راینێخ گەشتیارێکی دیکەیە و لەبارەی نەورۆزی ئاکرێ دەڵێت: "من لە ئیسرائیلەوە هاتووم و جلی کوردیم کڕیوە، چونکە من هەست بە هەبوونی کوردەکان دەکەم و دڵ و مێشکی خۆم لەگەڵ ئەوانە. زۆر سەربەرزم کە بەشدار بووم لەگەڵ خوشک و براکانم لەم ئاهەنگە. ساڵی نوێ پیرۆز بێت و بژی کوردستان".

ئەم مەشخەڵانە بوونەتە سیمبولی نەورۆز لە ئاکرێ، زیاتر لە هەزار مەشخەڵ لەلایەن سێ گرووپی خۆبەخشەوە دابینکراون. مەشخەڵەکان زیاتر لە پێنج کاژێر لەناو گاز دادەنرێن بۆ ئەوەی بۆ ماوەیەکی زۆر ئاگرێکی گەش دروستبکات، ئاگرەکان نزیکەی کاژێرێک بە گەشاوەیی دەمێنێتەوە.

کاژێر 18:30 لەگەڵ خۆرئاوابوون و تاریک بوون، مەشخەڵەکان دادەگیرسێنرێن و لە چیای کەلێی کۆن وردە وردە دێنە خوارەوە.