بەشێک لە خەڵک دوای سەیران پاشماوەی خواردن و خواردنەوەکانیان جێدەهێڵن

 
رووداو - دهۆک

ساڵانە زۆربەی خەڵکی کوردستان بەشداری لە سەیرانی نەورۆزدا دەکەن، بەڵام بەشێکیان پاشماوەی خواردن و خواردنەوەکانیان جێدەهێڵن و ژینگە پیس دەکەن. بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی دهۆک دەڵێت، هەرچەندە رۆشنبیریی پاراستنی ژینگە لای خەڵک زۆرە، بەڵام هێشتاش بەشێک لە خەڵک پاشماوەی خواردن و خواردنەوەکانیان جێدەهێڵن، ئەمەش بۆیان بووەتە گرفت، چونکە لە دەرەوەی سنووری شارەوانییە.
 
نەبی فارس لە یەکێک لە سەیرانگەکانی دهۆک باسی لەوە کرد، ئەوان پاشماوەی خواردن و خواردنەوەکانیان هەڵدەگرنەوە، دەشڵێت دەبێت ئەو کارە بکەن "چونکە سبەی و دوو سبەی هەر خۆیانن دێنەوە ئەم شوێنە".
 
ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان زیاتر لە شەش ملیۆن کەسە، بەشێکی زۆریان لە رۆژانی سەرەتای نەورۆز دەچنە سەیران. لە هەر پارێزگا و قەزایەک جێگەی دەستنیشانکراو هەن کە خەڵک رووی لێدەکەن، بەڵام دوای کۆتاییهاتنی سەیرانەکەیان، بەشێکی خەڵک پاشماوەی خواردن و خواردنەوەکانیان جێدەهێڵن.
 
عومەر محەممەد گەشتیارە و باس لەوە دەکات، خەڵک دەتوانن زبڵ و خاشاکەکەیان کۆبکەنەوە و لەنێو ئۆتۆمبێلەکانیانی بنێن یان لە شوێنێکی گونجاو کۆی بکەنەوە و دایبنێن بۆئەوەی کارمەندانی شارەوانی کۆیبکەنەوە و ژینگەش پاک راگیرێت.
 
گەشتیارێکی دیکە بەناوی عەلی حوسێن ئەوەی خستەڕوو، هەرچەندە تەنەکەی زبڵ نییە، بەڵام دەکرێت عەلاگەی زبڵ و پاشماوەی خواردن و خواردنەوەکانیان لە شوێنێک دابنێن کە دواتر شارەوانی بتوانێت هەڵیبگرێتەوە و دووریبخاتەوە بۆ شوێنی گونجاو.
 
بە گوتەی شارەزایانی ژینگە، ماددەی پلاستیکی 50 بۆ 300 ساڵی پێویستە بۆئەوەی لەنێو خاکدا شی ببێتەوە، ئەمەش لەکاتێکدایە کە ئەمڕۆ بەشێکی زۆر لە خەڵک ماددەی پلاستیک بەکاردەهێنن.