هاوبەربژێری دەمپارتی لە ئامەد: رێگە نادەین دەست بەسەر شارەوانییەکەماندا بگیرێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
هاوبەربژێری دەمپارتی بۆ گەورەشارەوانیی ئامەد دەڵێت، لە رێگەی قەیوومەوە هەشت ساڵە دەستیان بەسەر شارەوانییەکەماندا گرتووە، گوتیشی، ''کەس ناتوانێت دەنگی کورد ببڕێت، دەبێ بە تووندی دەنگهەڵبڕین و بە جۆش و خرۆشەوە بەشداریی هەڵبژاردن بکەین.''
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 21-03-2024، دۆغان هاتوون، هاوبەربژێری دەمپارتی بۆ گەورە شارەوانیی ئامەد لە کاتی ئاهەنگی نەورۆزی شارەکەدا گوتارێکی پێشکێشکرد کە تێیدا، وێڕای پیرۆزبایی جەژنی نەورۆز، نزای رزگاربوونی گەلانی ژێردەستەی کرد و سڵاوی بۆ سەرجەم بەندکراوانی شارەکانی تورکیا نارد.
نەورۆزی ئەم ساڵ هاوکاتە لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی باکووری کوردستان و تورکیا، کە بڕیارە لە 31ـی ئەم مانگە بەڕێوەبچێت. دۆغان هاتوون ئاماژەی بەوە کرد، ''دەبێ [لە هەڵبژاردندا] بەشدار بین و بە تووندی دەنگهەڵبڕین بۆ ئەوەی کەس نەتوانێت دەنگی کورد ببڕێت.''
بە تێپەڕبوونی کات، رکابەری لەنێوان حیزبە سیاسییەکان بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکان گەرموگوڕتر و بەهێزتر دەبێت، بەڵام لە ئامەد رکابەرییەکە لەنێوان دەم پارتی و ئاکپارتی دایە و ئێستا لەلایەن قەیوومەکانەوە بەڕێوەدەچێت.
ئەو بەربژێرەی دەمپارتی گوتی، ''خەڵکی ئامەد، ئێوە دەزانن کە هەشت ساڵە بە شێوەی داگیرکەری دەستیان بەسەر ئیرادە و شارەوانیی ئێمەدا گرتووە، ئێمە لە 31ـی ئاداردا بە جۆش و خرۆشەوە بەشداریی هەڵبژاردن دەکەین، بۆ ئەوەی جارێکی دیکە نەتوانن دەست بەسەر ئیرادەماندا بگرن.''
بەگوێرەی راپرسییەک کە لەلایەن ناوەندی راپرسی و لێکۆڵینەوەی ئادا لە رۆژانی 1 تاوەکو 15ـی ئادار لە پارێزگای ئامەد کراوە و هەزار و 500 کەس تێیدا بەشدار بوون، ئایشە سەررا بوجاک و دۆغان هاتوون، بەربژێرانی دەم پارتی بۆ گەورەشارەوانیی ئامەد 59.8%ـی دەنگەکان دەبەنەوە و دەبنە هاوسەرۆکانی گەورەشارەوانییەکە. هەروەها محەممەد هالیس بیلدەن، بەربژێری ئاکپارتی بۆ سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئامەد 29%ـی دەنگەکان دەهێنێت.