ئەنجوومەنی مامۆستایانی ناڕازی: خۆپێشاندان دەبەینە هەولێر و دەباشان
رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی لە پەیام و بانگەوازێکدا دەڵێت "بەم زووانە" خۆپێشاندان دەبەنە هەولێر و دەباشان.
ئەنجوومەنەکە لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "ئەم پەیام و بانگەوازەمان لە کاتێکدایه، کە پێمان ناوەتە ساڵی نوێی کوردیی و یەکەم رۆژی جەژنی نەورۆزەوە.. بۆنەیەکە بۆ بەخۆداچوونەوەی ئەو دەسەڵاتدارانەی ئاوەز و ژیرییان هەیە، تا دەست لە ستەم و نادادیی هەڵبگرن."
ئەنجوومەنی مامۆستایانی ناڕازی پێیوایە پرۆژەی 'هەژماری من' سەپێندراوە و رەتیدەکەنەوە، لەبەر ئەوەی "پێمانوایە ئەم سیستمە، وەک ئابووریی سەربەخۆ، تەنیا خزمەت بە بنەماڵە دەسەڵاتدارەکان دەکات و دەبێتە مایەی تەمەندرێژیی و خۆسەپاندنی زیاتری تاڵانکاران. هاوکات، پێچەوانەی بڕیاری دادگەی فیدراڵیشه کە لە 21/ 2/ 2024 دەرچووە."
لە بەشێکی پەیامەکەیاند، ئەنجوومەکەنە رووی دەمی دەکاتە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان؛ "خۆڵەمێشییانە مامەڵە لەگەڵ بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵیی نەکەن! ناکرێت لەلایەک بڵێن لەگەڵ داوای مووچەخۆرانداین و لەلایەکی دیکەشەوە ئەوەی پارتیی ئەیەوێت، لەبەر بەرژەوەندیی تەسکیی حیزبیی و کەسیی خۆتان، جێبەجێی بکەن و بیسەپێنن بەسەر مووچەخۆراندا."
ئەنجوومەکەنە دەڵێت، بڕیاری بە نیشتیمانیکردنی مووچە (تەوتین) و کورسیی کۆتاکان لە یەک رۆژدا لەلایەن دادگای فیدڕاڵییەوە دەرکراون، "ناکرێت پابەندی یەکێکیان بن و یەکێکی تریان رەتبکەنەوە."
بۆیە، ئاماژە بەوە دەکات، "رێگەی دروستی بەردەمتان، هاوکاریکردنی بانکەکانی رافیدەین و رەشیدە، بۆئەوەی بەزوویی دەست بکەن بە دروستکردنی کی کارد بۆ مووچەخۆرانی ئەم سنوورە. هەروەها پێدانی مووچەی مانگی دوو بەزووترین کات؛ کە لە ئێستادا بە سێقۆڵیی دەستتان بەسەرداگرتووە."
داواش دەکات، دەستبەجێ هەڵوەشانەوەی سزاکانی پێشووی مامۆستایان رابگەیەنن و "لەوە زیاتر درێژە بە کارە نایاساییەکانتان مەدەن."
ئەنجوومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی پشتیوانی خۆی بۆ بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵیی دەردەبڕێت، "کە هەردوو ژیانی ئابووریی و سیاسیی رێکدەخاتەوە. هەر لایەنێکیش دژ بەو بڕیارانە بێت، لە هەمان دادگە سکاڵای لەسەر تۆماردەکەین."
ئەنجوومەنەکە داوا لە پارتە سیاسییەکانی بەدەر لە یەكێتی و پارتی دەکات، "بەڕاشکاوی و بە بەیاننامەی فەرمیی، هەژماری من دەتبکەنەوە، لە رێی مووچەخۆرانی خۆیانەوە، ناڕەزایەتیی و خۆپیشاندان لە هەولێر و دهۆک سازبکەن."
هاوکات، ئەنجوومەنەکە هۆشداریش دەداتە یەکێتی لەوەی ئەگەر تاوەکو رۆژی 25-3-2024 کارەکانی 'هەژماری من' "لەم سنوورە رانەگیرێن و لە ئەگەری زیاتر دواکەوتنی مووچە بڕیاری مامەڵەی راستەوخۆ لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق نەدات؛ ئەوا هەمان رۆژ کاژێر 11:00ی پێشنیوەڕۆ خۆپێشاندانی بەرفراوانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی سەرجەم شارو شارۆچکەکان لەبەردەم پارکی مەلیک مەحموود لە شەقامی بازنەیی مەلیک مەحموود دەستپێدەکات و لەوێوە بەرەو دەباشان بەڕێدەکەوین."
لەگەڵ ئەوەشدا، دەشڵێت، "لەگەڵ خۆپیشاندانەکەی دەباشانیش، پەیام و داواکانمان بە بەغداد و کۆنسوڵ و باڵیۆزی وڵاتان دەگەیەنین. هەروەها لە زووترین کاتدا خۆپێشاندان دەبەینە هەولێر."