ئەنەکەسە: لە عەفرین سووکایەتی بە ئاڵای کوردستان دەکرێ
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) دەڵێ، لە عەفرین و دەوروبەری، لەلایەن بەشێک لە ئەندامانی پێشووی گرووپە چەکدارەکانەوە پێشێلکاری بەرامبەر هاونیشتمانییانی کورد کراوە و سووکایەتی بە ئاڵای کوردستان کراوە.
بەگوێرەی چەند گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە بڵاوکراونەتەوە، لە سنووری شاری عەفرین هێرش کراوەتە سەر گەنجانی کورد و سووکایەتییان پێکراوە و لێیان دراوە.
رۆژی شەممە، 21ـی ئاداری 2026، ئەحمەد حەسەن، سەرۆکی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دوێنێ بەهۆی کۆبوونەوەی خەڵک بۆ جەژنی نەورۆز هەندێک کێشەی بچووک دروستبوون، بەڵام ئەمڕۆ پێشێلکاریی زۆر بەرامبەر کوردانی عەفرین کرا و بەشێکیشیان لێیان درا و ئازار دران."
ژمارەیەک هاووڵاتیی سووریا لە عەفرین ئاڵایەکی کوردستان لەسەر ئۆتۆمبێلی هاونیشتمانییەک دادەگرن و یەکێکیان سووکایەتی پێدەکات. pic.twitter.com/B2dZUltVVl
— Rudaw (@Rudawkurdish) March 21, 2026
سەبارەت بە شوێنی پێشێلکارییەکان، سەرۆکی ئەنەکەسە گوتی: "لە سەنتەری شاری عەفرین، و لەسەر رێگەی حەلەب - عەفرین رێگری لە هاونیشتمانیان دەکرێ. ئاڵای کوردستان دەخرێتە بن پێ و خەڵک ناچار دەکرێن بەسەر ئاڵاکەدا بڕۆن."
ئەحمەد حەسەن ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو کەسانەی ئەو پێشێلکارییانە دەکەن، ئەو کەسانەن کە پێشتر لەنێو گرووپە چەکدارەکاندا بوون لە سنووری پارێزگای دێرەزووری سووریا.