دەیان هەزار هاونیشتمانی لە ئامەد جەژنی نەورۆزیان پیرۆز کرد
رووداو دیجیتاڵ
ساڵانە لە ئامەد لە باکووری کوردستان، گەورەترین کەرنەڤاڵی نەورۆز بەڕێوەدەچێ. ئاگر دەکرێتەوە، ئاهەنگ دەگێڕدرێ و پەیامی سیاسی پێشکێش دەکرێ. ئەمڕۆش پەیامی جیاواز پێشکێش کران، لەنێویاندا پەیامی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کە پشتیوانی خۆی بۆ پڕۆسەی چارەسەری پرسی کورد دووپاتکردەوە.
دەستپێکردنی نەورۆزی ئامەد
هەر لە کاژێرەکانی بەیانیی ئەمڕۆ 21ـی ئادارەوە، هاونیشتمانییان بە جلوبەرگی کوردی و بە جۆشەوە لە هەموو شارەکانی دیکەی باکووری کوردستانەوە روویان لە گۆڕەپانی ئاهەنگگێڕانی نەورۆزی ئامەد کرد.
تۆڕی میدیایی رووداو، هاوشێوەی ساڵانی رابردوو، ئەم ساڵیش رووماڵێکی فراوانی نەورۆزی ئامەد دەکات و تیمی زیاتری ناردووەتە باکووری کوردستان، لەنێویاندا پێشکێشکار هێڤیدار زانا.
دەمەت جەیلان، ئەندامی کۆمیتەی ئامادەکاری نەورۆزی ئامەد، لە گۆڕەپانی ئاهەنگەکەوە میوانی رووداو بوو و گوتی: "چەند هەفتەیەکە ئامادەکاری تەکنیکی دەکرێ، تاوتوێی پەیامەکان و بەشداربوونی خەڵک دەکرێ و هەموو ئامادەکارییەک کراوە".
پەیامی هاونیشتمانییان لە ئامەد: ئاشتیمان دەوێ
ئەم ساڵ بەهۆی پڕۆسەی چارەسەری پرسی کوردەوە هاونیشتمانییانی باکووری کوردستان بە جۆشێکی زیاترەوە چوونە گۆڕەپانی نەورۆزی ئامەد، زۆرینەیان لە قسەکانیاندا بۆ رووداو، داوای ئاشتی و نەهێشتنی یەکجاریی شەڕیان کرد.
گەنج، پیر، منداڵ، ژن و پیاو و بە گرووپ و تاک تاک لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە روویان لە گۆڕەپانی نەورۆزی ئامەد کرد. گەنجێک بە رووداوی گوتی: "لە کاژێر 04ـی بەیانییەوە لە شاری سێرتەوە بەڕێکەوتووم، هەموو کارێکی ماڵم جێهێشت بۆ ئەوەی لە نەورۆزی ئامەد بەشداری بکەم".
خەلیل دەمیر، هاونیشتمانییەکی بەتەمەنی پیرسوس بە رووداوی گوت: "گەلەکەمان، تورک و عەرەبیش لەنێودەچن. ئیدی بەسە و ئاشتیمان دەوێ".
ژنێکی بەتەمەن لەکاتی چوونی بۆ گۆڕەپانی ئاهەنگی نەورۆز بە رووداوی گوت: "ئەمڕۆ نەورۆزی کورد پیرۆز دەکەین؛ دەچین ئاهەنگ دەگێڕین و هەڵپەڕکێ دەکەین".
هاونیشتمانییەک لە شاری مێردینەوە بۆ نەورۆز خۆی گەیاندە ئامەد و دەڵێ: "نەورۆز جەژنە، جەژنی هەزاران ساڵەی کوردە؛ هیوادارین ببێتە هۆکاری ئازادیی و ئاشتیی بۆ کورد و گەلانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست".
هاونیشتمانییەکی دیکە گوتی: "دەرگای ماڵەکەمان کلیل داوە و بە ماڵ و منداڵەوە هاتووین نەورزۆی ئامەد پیرۆز بکەین".
"نەورۆزی ئازادیی و یەکێتی دیموکراسی" درووشمی نەورۆزی ئامەد
گوڵجان کاچماز، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە پەرلەمانی تورکیا بۆ رووداو قسەی کرد و گوتی: "درووشمی ئەم ساڵمان (نەورۆزی ئازادیی و یەکێتی دیموکراسییە). ئێمە دەبینین ئیدی گەلی کورد ئازادیی و یەکسانی دەوێ".
ناوبەناو کەمێک باران لە گۆڕەپانی ئاهەنگگێڕانەکەدا دەباری. ئەو پەرلەمانتارەی دەم پارتی گوتی: "باران دەبارێ، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ ئێمە باران و گەردەلوول و بەفری زۆرمان تێپەڕاند، بۆیە ئەمڕۆش ئەم کەشە بۆ گەلی ئامەد ئاستەنگی دروست ناکات".
27ـی شوباتی 2025 عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری پەکەکە بە بڵاوکردنەوەی پەیامێک دەرگای زیاتری بۆ پرۆسەی چارەسەری لە تورکیا و باکووری کوردستان کردەوە. پەرلەمانتارەکەی دەم پارتی گوتی: "لەلایەن دەوڵەتەوە هەنگاو دەنرێ، بەڵام ئەوە بۆ گەلی کورد بەس نییە".
گوڵجان کاچماز رایگەیاند: "دەمانەوێ زمانی کوردی ببێتە زمانێکی فەرمی و زمانی پەروەردە، مافی و ستاتۆی گەلی کورد مسۆگەر بکرێ، دەمانەوێ هەزاران زیندانیکراومان ئازاد بکرێن".
پەرلەمانتارەکەی دەم پارتی گوتی: "هیچ روون نییە، بەڵام هیوادارین دوای جەژن لەنێو پەرلەماندا هەندێک هەنگاوی یاسایی بنرێن، هیوامان هەیە و چاوەڕوانی هەنگاوەکانی دوای جەژنین".
هاوسەرۆکانی شارەوانی ئامەد: ئەمڕۆ نەورۆزی ئازادییە
سارا بوجاک و دۆغان خاتوون، هاوسەرۆکانی شارەوانیی گەورەی ئامەد، لەسەر سەکۆی رێوڕەسمەکە بە پیرۆزباییکردنی جەژنی نەورۆز لە ئامادەبووان، دەستپێکردنی رێوڕەسمەکانی جەژنی نەورۆزیان بە فەرمی راگەیاند.
دؤغان خاتوون لە پەیامەکەیدا گوتی: "ئامەدییەکان، ئێوە ئەمڕۆ تەنیا نوێنەرایەتی ئامەد ناکەن، ئێوە هەولێرن، ئێوە سلێمانین، مهاباد و عەفرینن. ئەمڕۆ لە ئێوەوە دەنگی عەفرین بەرز دەبێتەوە، نەورۆزی عەفرین، هەولێر و مهاباد پیرۆز بێ؛ ئەمڕۆ نەورۆزی ئازادییە".
هاوسەرکی دەم پارتی: دەبێ تورکیا هەنگاوی یاسایی بنێت
لە گۆڕەپانی نەورۆزی ئامەدەوە تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی میوانی رووداو بوو و وێڕای پیرۆزبایی جەژنی نەورۆز، گوتی: "زۆر خۆشحاڵم کە ئێوە لێرەن و ئێمە لە مەیدانی ئامەد دا میوانداریی رووداو دەکەین".
باکرهان گوتی: "بڕوام وایە ئەم نەورۆزە دەبێتە مایەی ئاشتی و ئازادی بۆ کورد. گەلی کورد 100 ساڵە لە خەباتێکی زۆر گەورەدایە. ئێمە ئێستا لە ساڵی 2026داین، ساڵێکە چ گەلی کورد و چ رێکخراوە کوردییەکان و چ بەڕێز ئۆجەلان پەیامی گرنگیان داوە. پێویستە تورکیا هەنگاوی دیموکراسی و یاسایی بنێت؛ کاتی ئەوە هاتووە ئیدی ئیرادەی گەل و ئیرادەی دیموکراسی سەربکەوێت".
هاوسەرۆکی دەم پارتی گوتی: "ئێمە تێدەکۆشین بۆ ئازادیی کورد و دیموکراسی لە تورکیا. دەبینن، لێرە لە ئامەد هەزاران کەس کۆبوونەتەوە، سەرەڕای باران و سەرما، هاتوون بۆ ئەوەی خاوەندارێتی لە مافەکانی خۆیان بکەن. ویستی گەلی کورد لێرە بە روونی دیارە".
تونجەر باکرهان رایگەیاند، ئەوان دەیانەوێ پرسی کورد لە تورکیا و باکووری کوردستان بە سیاسی چارەسەر بکرێت نەوەکو شەڕ؛ ئاماژەی بەوەشکرد: "هەندێک هەنگاو هەن کە دەبێت بنرێن، بۆ نموونە پرسی زیندانییە سیاسییەکان، هەزاران هاوڕێمان ئێستا لە زیندانەکاندان، دەبێت رێگەیان بۆ بکرێتەوە تا بگەڕێنەوە نێو ماڵ و خێزانیان؛ دەبێت سیستمی قەییوم نەمێنێت، ئیرادەی گەل لە شارەوانییەکان دەبێت بگەڕێتەوە".
باکرهان گوتی: "دەبێ زمانی کوردی و مافی کولتووری کورد بە فەرمی بناسرێت لە دەستووردا جێگیر بکرێت".
هاوسەرۆکی دەم پارتی لە بارەی رۆڵی میدیا و رووماڵی نەورزۆی ئامەد لەلایەن تۆڕی میدیایی رووداوەوە گوتی: "لێرە لە ئامەد رەنگە هەزاران کەس هەبن، بەڵام لە رێگەی ئێوەوە ملیۆنان کەس لە هەولێر و شوێنەکانی دیکە دەمانبینن. میدیای کوردی دەبێت راستگۆ بێت و دەنگی راستەقینەی گەل بگەیەنێت. من دەستخۆشی لە رووداو و هەموو میدیاکارە کوردەکان دەکەم کە ئەرکی خۆیان جێبەجێ دەکەن".
پەرلەمانتارێکی دەم پارتی: کێشەی کورد تەنیا بە چەکدادان چارەسەر نابێ
مێهمیت روشتوو، پەرلەمانتاری دەم پارتی، لە گۆڕەپانی ئاهەنگی نەورۆز میوانی رووداو بوو، وێڕای پیرۆزبایی جەژن، باسی لە دۆخی سیاسیی کوردستان و پڕۆسەی ئاشتی کرد و گوتی: "لە هەر چوار پارچەی کوردستان کورد رۆژ بە رۆژ نزیکترە لە ئازادیی".
لەبارەی هەنگاوەکانی پڕۆسەی ئاشتییەوە روشتوو گوتی: "ئەو کۆمیسیۆنەی بۆ پڕۆسەی ئاشتی لەلایەن دەسەڵاتەوە پێکهێندراوە، دەیانەوێ کاری کۆمیسیۆنەکە تەنیا چەکدادان بێ، بۆ ئەوە هەندێک یاسا تێپەڕێنن. دۆخی شەڕڤانانی پەکەکە چۆن دەبێ؟ دۆخی ئەوانەی لەژێر ناوی پەکەکە سزادراون و لە زیندانن، یان ئەوانەی بەهۆی ئەوەی داوای سزادانیان کراوە تورکیا و کوردستانیان جێهێشتووە، چییان بەسەر دێ؟ دەکرێ یاسایەک بۆ ئەوەش دەربکەن، ناڵیم ئەم مانگە، بەڵام لە مانگەکانی داهاتوودا هەنگاوی بۆ دەنرێ، بەڵام بابەتی کورد تەنیا چەکداری نییە و زیاترە لەوە".
ئەو پەرلەمانتارە کوردەی پەرلەمانی تورکیا گوتی: "ئێمە دەڵێین دەبێ زمانی دایک بۆ پەروەردە و فێرکردن هەنگاوی بۆ بنرێ؛ هەبوونی کورد لە تورکیا دەبێ لە دەستووردا پەسند بکرێ، بۆ ئەوەش دەبێ هەنگاو بنرێ، خەباتی پارتەکەشمان لە پەرلەمان لەسەر ئەو نەمایە دەبێت".
نێچیرڤان بارزانی: پشتگیریی دڵسۆزانەم بۆ ئاشتی دووپات دەکەمەوە
پەیامی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەلایەن دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانەوە پێشکێشی ئامادەبووان کرا.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا بۆ کەرنەڤاڵی جەژنی نەورۆز گوتی: "نەورۆز بۆ ئێمە جەژنێکی تایبەتە؛ سیمبوولی زیندووبوونەوە و ئیرادەی ژیانە، هەروەها بەرجەستەکردنی هیواکانی گەلێکە کە هەمیشە تینووی ئازادی و پێکەوەژیان بووە".
نێچیرڤان بارانی لە پەیامە نووسراوەکەیدا گوتی: "ئەم کۆبوونەوەیەی ئێوە کە بووەتە نەریتێکی ساڵانەی جوان له ئامهد، خۆی لە خۆیدا جەژنی ژیان و جوانییە و گوزارشت لە پهرۆشی و پەیامی کورد دەکات بۆ برایەتی و قبووڵکردنی یەکدی".
سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسی لە پرۆسەی چارەسەری پرسی کورد کرد و گوتی: "ئەمڕۆ جەژنی نەورۆز پیرۆز دەکەین، دەمانەوێ پشتگیریی دڵسۆزانەی خۆمان بۆ ئاشتی دووپات بکەینەوە. بەدیهێنانی ئاشتی لە تورکیا کارێکی مێژووییە و لە بەرژەوەندیی هەردوو گەلی کورد و تورک و تەواوی ناوچەکەدایە".
ئۆجەلان: دەتوانین دۆخی ناوچەکە بگۆڕین بۆ ئازادیی گەلان
عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە پەیامێکیدا کە لە نەورۆزی ئامەد خوێندرایەوە رایگەیاند، دەرفەتێک لە ناوچەکەدا هەیە کە "کولتوور و باوەڕەکان جارێکی دیکە بتوانن پێکەوە بژین". ئۆجەلان ئاماژەی بەوەکرد: "لە دەست ئێمەدایە کە ژینگەی شەڕ و ئاژاوەگێڕیی کە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا دروست دەبێت، بگۆڕین بۆ باخچەیەکی ئازادیی بۆ هەموو گەلان".
ئۆجەلان لە پەیامەکەیدا گوتی: "ئەو شەڕە ئایینی و مەزهەبییانەی کە هەزاران ساڵە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا هەڵگیرساون، گەورەترین لێدانن لە کولتووری پێکەوەژیانی گەلان، هەر ناسنامە و هەر باوەڕییەک هەوڵ دەدات بکشێتەوە بۆ ناو قاوخەکەی و ئەوانی دیکە بکاتە دووژمن بۆ ئەوەی درێژە بە بوونی خۆی بدات، بەمەش مەودای نێوان گەلەکانمان قووڵتر دەبێتەوە. بەها و کولتوورە هاوبەشەکانمان پشتگوێ دەخرێن، جیاوازییەکانمان وەک هۆکارێک بۆ شەڕ سەیر دەکرێن".
ئۆجەلان هەروەها گوتی: "ئەو پارچەبوونەی کە سیاسەتەکانی سەرکوت و نکۆڵی و دووژمنایەتی بە تایبەتی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا دروستیان کردووە، بەداخەوە ئەمڕۆ وەک بیانوویەک بۆ دەستوەردانەکانی ئیمپریالیزم بەکارهێنراون".
رێبەری پەکەکە رایگەیاند: "ئەمڕۆ دەرفەتێکمان هەیە کە کولتوور و باوەڕەکان جارێکی دیکە بتوانن پێکەوە بژین. ئەوە لە دەست ئێمەدایە کە ژینگەی شەڕ و ئاژاوەگێڕی کە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا دروست دەبێت، بگۆڕین بۆ باخچەیەکی ئازادیی بۆ هەموو گەلان. دەتوانین ئەو تراژیدیایانەی بەسەرماندا دەسەپێنرێن پێچەوانە بکەینەوە و ژینگەیەکی ئازادیی بۆ گەلان بونیاد بنێین".
تونجەر باکرهان: کورد جیابوونەوەی ناوێ و هاوبەشی دەوێ
تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی گوتارێکی پێشکێش کرد و گوتی: "با جەژنی نەورۆز و رەمەزان ببنە هۆکاری ئارامیی، ئاشتی و ئازادیی".
هاوسەرۆکی دەم پارتی لە قسەکانیدا باسی لە کۆچی دوایی ساڵح موسلیم، هاوسەرۆکی پێشووی پەیەدە و سری سوورەیا ئۆندەر، ئەندامی شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی کرد و گوتی، بە رێزەوە یادی هەردوو کۆچکردوو دەکەنەوە.
هاوسەرۆکی دەم پارتی بەخێرهاتنی شاندی هەرێمی کوردستان و هەموو میوانانی کرد و گوتی: "بە ئادەبوونتان شکۆتان بە نەورۆزی ئامەد دا".
باکرهان کە بەشێکی گوتارەکەی بە زمانی تورکی پێشکێش کرد گوتی: "کاتی زۆر بە هەدەر دراوە، برینی رابردوو با زیاتر خوێنی لێ نەچۆڕێ، سەد ساڵە خوێن لە برینەکانمان دێ، وەرن با ئیدی ئەو خوێنە راوەستێنین، بۆ 86 ملیۆن کەس لە چوارچێوەی ئاشتی و یەکسانیدا تورکیایەکی دیموکراسی نوێ بنیادبنێینەوە".
هاوسەرۆکی دەم پارتی گوتی: "زۆرجار دەپرسن کورد چی دەوێ؟ لێرەوە لە نەورۆزی ئامەدەوە با پێکەوە وەڵام بدەینەوە و بڵێین: کورد دەیەوێ ناسنامەی لە تورکیادا بە فەرمی بناسرێ، پەروەردەی بە زمانی دایکی هەبێ، کورد گەرەنتیی دەستووریی دەوێ و دیموکراسیی خۆجێیی و هاووڵاتیبوونی یەکسانی دەوێ".
باکرهان گوتی: "داواکاریی کورد جیابوونەوە نییە و هاوبەشییە، نکۆڵیکردن نییە و قبووڵکردنییەتی. کورد دەیەوێ ببێتە هاوبەشی حکومەت، کورد نایەوێ چی دیکە لەگەڵ دەوڵەت شەڕ بکات و دانوستاندنی دەوێ، بەڕێز ئۆجەلان کێشەی کوردی لە پەتی سێدارەوە هێنایە سەر مێزی گفتوگۆ".
ئیلهام ئەحمەد: لەکاتە سەختەکاندا هەموو پارچەکان لەگەڵ یەکن
ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، بە پەیامێکی ڤیدیۆیی بەشداری لە نەورۆزی ئامەد کرد.
ئیلهام ئەحمەد گوتی: "ئێمە لە رۆژئاوای کوردستان ساڵانی پڕ لە شۆڕشی سەختمان تێپەڕاند. دەستکەوتی زۆر گەورەمان بەدەستهێنا کە ئەنجامی خەباتی گەلی کورد بوو لە هەر چوار پارچەی کوردستان. بە پشتگیری و هاوکاریی گەلەکەمان لە هەموو شوێنێک، توانیمان ئەنجامی گرنگ بەدەستبهێنین".
هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر گوتی: "هیوای ئێمە ئەوە بوو کە ئەو سەرکەوتنانەی بەدەستمان هێناون بە یاسا و بە فەرمی جێگیریان بکەین، بەڵام بەداخەوە رووبەڕووی ئاڵنگاری و دۆخی سەختتر بووینەوە. لەو کاتە سەختانەدا بینیمان کە ئێمە بە تەنیا نین، گەلی کوردمان لە هەموو پارچەکانی کوردستان لەگەڵ بوو و پشتگیرییان کردین. لێرەوە جارێکی دیکە سڵاو بۆ هەموو ئەو پشتگیرییە دەنێرم".
ئیلهام ئەحمەد گوتی: "پارچەی هەرە گەورەی کوردستان، باکوورە. گەورەترین توانا و ماتە وزە لێرەیە. کاتێک لە باکووری کوردستان و لە تورکیا پڕۆسەی چارەسەری سیاسی پێشبکەوێ، ئەوا مافی کورد لە پارچەکانی دیکەش مسۆگەر دەبێت. هێزی کورد لە باکوور، هێزێکی زۆر مەزنە".
بافڵ تاڵەبانی: ئەوەی گرنگە یەکڕیزیی کوردە
بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان، بە پەیامێکی ڤیدیۆیی بەشداریی نەورۆزی ئامەدی کرد.
سەرۆکی یەکێتی لە پەیامەکەیدا گوتی: "لەم کاتە هەستیارەدا ئەوەی کە گرنگە یەکڕیزی ئێمەیە، یەکڕیزی هەموو کوردە، یەکڕیزی هەر چوار پارچەی کوردستانە".
سەرۆکی یەکێتی گوتی، رێزێکی تایبەت بۆ هەموو لایەک کە بەشداربوون لەو پڕۆسە ئاشتییەی کە "هەڤاڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەستیپێکرد. ئینشائەڵڵا بە زووترین کات دێمە خزمەتت هەڤاڵ ئاپۆ، ئینشەڵڵا بەرنامەکەت پێکەوە تەواو دەکەین".
بافڵ تاڵەبانی بەڵێنی بە بەشدارانی نەورۆزی ئامەد دا کە ساڵی داهاتوو بچێتە ئەو شارەی کوردستان و بەشداریی نەورۆز بکات.
بە گوتنەوەی گۆرانی و هەڵپەڕکێ، ئاهەنگی نەورۆزی ئامەد تاوەکو درەنگی ئەم شەو بەردەوام دەبێ.