پەیامی ئیلهام ئەحمەد لە نەورۆزی ئامەد: 2026 دەبێتە ساڵی چارەسەری سیاسی و ئاشتی بۆ هەموو گەلی کورد


رووداو دیجیتاڵ

هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەڵێ، کاتی ئەوە هاتووە دەستکەوتەکانی گەلی کورد بە یاسا و لە دەستووردا بچەسپێندرێن؛ ئاماژە بەوەش دەکات کە کلیلی ئارامیی هەموو پارچەکانی کوردستان لە باکوور و تورکیایە.
 
ئیلهام ئەحمەد، رۆژی شەممە، 21ـی ئادار 2026، لە رێوڕەسمی نەورۆزی 2026 لە شاری ئامەد لە رێگەی پەیامێکی ڤیدیۆییەوە ئاماژەی بەوە کرد، شۆڕشی رۆژئاوای کوردستان بە پشتیوانی هەموو گەلی کورد گەیشتووەتە ئەم قۆناخە و گوتی: "ئێمە ئێستا لە قۆناخی بونیادنانەوە و ئاوەدانکردنەوەداین."
 
ئیلهام ئەحمەد لە پەیامەکەیدا باکووری کوردستانی وەک "گەورەترین پارچە و خاوەن مەزنترین ماتە وزە" ناوبرد و رایگەیاند: "کاتێک لە باکووری کوردستان و لە تورکیا پڕۆسەی چارەسەری سیاسی پێشبکەوێ، ئەوا مافی کورد لە پارچەکانی دیکەش گەرەنتی دەبێت، چونکە هێزی کورد لێرە هێزێکی یەکلاییکەرەوەیە."
 
هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر  داوای کرد کە دەستکەوتەکانی باشووری کوردستان بپارێزرێن و "پشتگیری لە خەباتی رەوای گەل لە رۆژهەڵاتی کوردستان بکرێ"، چونکە بە گوتەی ئەو "ئێمە یەک دڵ و یەک نەتەوەین."
 
دەقی پەیامەکەی ئیلهام ئەحمەد:
 
گەلی کوردی هێژا، خەڵکی بەڕێزی ئامەد، نەورۆزتان پیرۆز بێت. لە قامشلۆوە تاوەکو ئامەد، لە هەولێرەوە تاوەکو مهاباد، سڵاوی خۆم ئاراستەی هەموو گەلی کورد دەکەم و نەورۆز لە هەمووان پیرۆز دەکەم.
 
ئێمە لە رۆژئاوای کوردستان ساڵانی پڕ لە شۆڕشی سەختمان تێپەڕاند. دەستکەوتی زۆر گەورەمان بە دەستهێنا کە ئەنجامی خەباتی گەلی کورد بوو لە هەر چوار پارچەی کوردستان. بە پشتگیری و هاوکاریی گەلەکەمان لە هەموو شوێنێک، توانیمان ئەنجامی گرنگ بەدەستبهێنین.
 
هیوای ئێمە ئەوە بوو کە ئەو سەرکەوتنانەی بەدەستمان هێناون، بە یاسا و بە فەرمی جێگیریان بکەین، بەڵام بەداخەوە رووبەڕووی ئاڵنگاری و دۆخی سەختتر بووینەوە. لەو کاتە سەختانەدا بینیمان کە ئێمە بە تەنیا نین، گەلی کوردمان لە هەموو پارچەکانی کوردستان لەگەڵ بوو و پشتگیرییان کردین. لێرەوە جارێکی دیکە سڵاو بۆ هەموو ئەو پشتگیرییە دەنێرم.
 
لە ساڵی 2026دا بە دەستپێکێکی نوێ و نەورۆزێکی نوێوە هاتین. وەک چۆن لە مێژووی کورد دا نەورۆز هەمیشە رۆژی رزگاری و رۆژێکی نوێ بووە بۆ هەموو گەلانی میزۆپۆتامیا، ئێمەش دەڵێین نەورۆزی 2026 دەبێتە نەورۆزێکی نوێ بۆ تەواوی گەلی کورد.
 
پێویستە لە تورکیا پڕۆسەی ئاشتی و پڕۆسەی چارەسەری سیاسی و دیموکراسی دەستپێبکات. ئێمە بڕوای تەواومان هەیە کە ئەم پڕۆسەیە دەبێتەهۆی چارەسەرکردنی سیاسییانەی مافەکانی گەلی کورد لە تورکیادا.
 
لە رۆژهەڵاتی کوردستان جارێکی دیکە پڕۆسەیەکی نوێ لە ئارادایە، گەلی کورد لەوێش ڕووبەڕووی رژێمی چەوسێنەر بووەتەوە و سەردەمێکی نوێ دەستی پێکردووە. ئەم سەردەمە، سەردەمی یەکێتی و رێککەوتنی گەلی کوردە. لە باشووری کوردستانیش پاراستنی دەستکەوتەکان و پاراستنی ئەو شۆڕشەی لەوێ کراوە، ئەرکی هەموو گەلی کوردە.
 
پارچەی هەرە گەورەی کوردستان، باکوورە. گەورەترین توانا و ماتە وزە لێرەیە. کاتێک لە باکووری کوردستان و لە تورکیا پڕۆسەی چارەسەری سیاسی پێشبکەوێ، ئەوا مافی کورد لە پارچەکانی دیکەش مسۆگەر دەبێت. هێزی کورد لە باکوور، هێزێکی زۆر مەزنە.
 
ئێمە ئێستا لە قۆناخی ئاوەدانکردنەوەداین، چ لە رۆژئاوای کوردستان و چ لە باکوور و چ پارچەکانی دیکەش، ئەمە قۆناخی بونیادنانەوەیە. لەم قۆناخەدا ژنان و گەنجان رۆڵێکی سەرەکی و مێژوویی دەگێڕن. وەک چۆن لە مێژوودا ژنان پێشەنگ بوون، ئەمڕۆش لە هەموو کات زیاتر رۆڵی ژنان لە بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراسیدا دیارە.
 
سەرەڕای هەموو گوشار و ستەم و دۆخە سەختەکان، ویستی گەلی کورد جارێکی دیکە خۆی نیشان دەداتەوە. ئێمە بڕوای تەواومان هەیە کە ئەم نەورۆزە و ساڵی 2026 دەبێتە ساڵی چارەسەری و ئاشتی و دیموکراسی بۆ هەموو گەلی کورد.
 
دووبارە نەورۆز لە هەمووان پیرۆز بێت، هەر بژین.