بەڕێوەبەری چاکسازییەکان: 40 سزادراو بۆ جەژن مۆڵەتیان پێدراوە بگەڕێنەوە ماڵەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان دەڵێ، بەبۆنەی هاتنی جەژنەوە و بەپێی رێنماییەکان، 40 سزادراو مۆڵەتیان پێدراوە بگەڕێنەوە نێو خێزانەکانیان؛ ئاماژە بەوەش دەکات، مۆڵەتەکە سزادراوانی "تیرۆر و کوشتن" ناگرێتەوە.
رۆژی شەممە، 21ـی ئاداری 2026، ئیحسان عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەگوێرەی رێنماییەکانی رێگەپێدانی زیندانییان، بۆ ئەم جەژنە 40 حوکمدراو لە چاکسازییەکانی گەوران مۆڵەتیان وەرگرت بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە ماڵەوە. زۆرترینیان لە پارێزگای سلێمانی بوون، دوای ئەویش هەولێر و پاشان دهۆک".
بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکان دەڵێ، ئەو کەسانەی بە تاوانی "کوشتن و تیرۆر" سزادراون، مۆڵەتی چوونە ماڵەوە نایانگرێتەوە و گوتیشی: "ئەوانەی مۆڵەتەکەیان وەرگرتووە، بەشێکی زۆریان سزادراوانی مادە هۆشبەرەکانن."
لەبارەی مەرجەکانی پێدانی مۆڵەت بە سزادراوان، ئیحسان عەبدولڕەحمان ئاشکرای کرد کە دەبێت سزادراو "دوو فەرمانبەر بکاتە کەفیل، بڕە پارەیەکیش لە بانک دابنێت کە بەپێی مادە یاساییەکان لە نێوان 25 ملیۆن تاوەکو 100 ملیۆن دینار دەبێت، هەروەها دەبێت خانوویەکیش لە سەنتەری پارێزگاکان بخاتە رەهنەوە".
لە هەرێمی کوردستان شەش چاکسازیی گەوران هەن کە تێیاندا زیاتر لە شەش هەزار سزادراو سزاکانیان بەسەر دەبەن.
جگە لە چاکسازیی گەوران، سێ چاکسازیی دیکەی تایبەت بە ژنان و منداڵان لە هەولێر، سلێمانی و دهۆک هەن، بەڵام بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکان ئاماژەی بەوە کرد کە "لەو چاکسازییانە (ژنان و منداڵان) هیچ سزادراوێک بۆ جەژن بە مۆڵەت نەچووەتە دەرەوە."
ئەو سزادراوانەی مۆڵەتیان وەرگرتووە بەپێی پارێزگاکان بەم شێوەیە دابەشبوون؛
چاکسازیی گەورانی سلێمانی: 18 سزادراو
چاکسازیی گەورانی هەولێر: 14 سزادراو
چاکسازیی گەورانی دهۆک: 8 سزادراو