لە هەرێمی کوردستان شیری گوێدرێژ خواستی زۆری لەسەرە و بە ئەستەم دەستدەکەوێت
رووداو دیجیتاڵ
گوێدرێژەکە دەدۆشێت و شیرەکەی دەداتە کەسێک کە ماوەى 37 ساڵە شیری گوێدرێژ دەخواتەوە، ئەمە بۆ هەندێک کەس باوەڕپێکراو نییە، بەڵام ئێستا لە هەرێمی کوردستان خواست لەسەر ئەو شیرە زیادیکردووە.
شاکر مەحموود ماوەی سێ ساڵە لە پارێزگای سەڵاحەدینەوە چووەتە دەشتەکانی شارەزوور بۆئەوەی شوانی بکات، ئێستاش مەیلی بۆ دۆشین هەیە و گوێدرێژەکەش بەرەنگاری دەکات.
شاکر مەحموود، شوانە و دەڵێت، "هەفتانە چەند کەسێک دێنە لامان داوای شیری گوێدرێژ دەکەن، دەڵێن بۆ چارەسەر دەمانەوێت، بەڵام هەفتەی یەک جار دەیدۆشین و بەبێ بەرامبەر پێیاندەدەم."
هاونیشتمانییەکی تەمەن 62 ساڵ کە نایەوێت بناسرێتەوە، هۆکاری خواردنی شیری گوێدرێژ دەخاتەڕوو، ئەو دوو هاوژین و 15 منداڵ و 9 نەوەی هەیە و دەڵێت، "لەهەر شوێنێک بزانم ناسیاوێک یان دۆستێکم گوێدرێژ و مایینی هەیە و زاوە، ئەوا دەچم بۆلای و داوای شیری لێدەکەم، هەرخۆم دەیدۆشم و لەوێ دەیخۆمەوە. لەڕووی توانای سێکسی و بەرگری لەشەوە زۆر باشە. لەساڵی 1985ـەوە لەهەرکوێ دەستمبکەوێت دەیخۆمەوە."
نیگا شەفیق، پسپۆڕی خۆراک و نەخۆشییەکانی منداڵان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دەگوترێت ئەو جوانییەی کیلۆپاترا هەیبووە بەهۆی خۆشۆردنییەوە بووە بە شیری گوێدرێژ، بەڵام ئەوەی لە زانستی نوێدا لەسەری دەگوترێت، ئەوەیە کە زۆر باش و تەندرووستە، دەتوانرێت بۆ چارەسەری هەندێک نەخۆشی وەک هەوکردنی پێست و جومگەکان و سی، هەروەها کۆکە و هەڵامەت بەکاربهێنرێت."
لە مەیدانی ئاژەڵانی سلێمانی، وەک ھەر ئاژەڵێکی دیکە کڕین و فرۆشتن بە گوێدرێژەوە دەکرێت، بەڵام شیرەکەی بە ئاسانی دەستناکەوێت، چونکە هەم ماکەر بەرامبەر کەر ژمارەیان کەمترە و هەم شیریان کەمە.
لە مەیدانی ئاژەڵانی سلێمانی نرخی لیترێک شیر جیاوازە و بەپێی خاوەن گوێدرێژەکە دەگۆڕێت، نرخەکەی لە 60 هەزار دینارەوە دەستپێدەکات تاوەکو 200 هەزار دینار، لەلایەکی دیکەوە هەندێک خاوەن گوێدرێژ بێبەرامبەر دەیبەخشن.
حاجی جەمال، هاونیشتانییەکی خەڵکی سلێمانییە و ساڵانێکە کاری کڕین و فرۆشتن بە گوێدرێژەوە دەکات، دەستی لەسەر گوێدرێژە بۆرەکەی داناوە و دەڵێت، ئەو کەسانەی داوای شیری گوێدرێژ دەکەن تەمەنیان سەروو 35 ساڵە و مانگانە نزیکی چوار کەس داوایدەکات.
حاجی جەمال، بەخێوکەری گوێدرێژ گوتی، "خەڵک زۆر دێت بۆلام داوای شیری گوێدرێژم لێ دەکەن، دەڵێن بۆ هەناسەتەنگی و جوانکاری بەکاریدێنن، بەڵام ئەم گوێدرێژە لەوانەیە نیو کیلۆ شیری تێدابێت و نرخی 150 تاوەکو 200 هەزار دیناربێت."
باوترین بەکارهێنانی شیری گوێدرێژ لە پیشەسازی جوانکاریدایە کە دەکرێتە سابوون و شامپۆ و کرێم، بەڵام هێشتا هەرێمی کوردستان نەگەیشتووە بەو پیشەسازییە.