زیندووکردنەوەى بڕیارێکى 11 ساڵ لەمەوبەرى عێراق دوو قەزاى کوردستانى دادەبڕێت
رووداو دیجیتاڵ
شنگال و خورماتوو کەوتوونەتە بەر نەشتەرى دابڕانێکى دیکە، ئەوەش بەهۆى زیندووکردنەوەى بڕیارێکى 11 ساڵ لەمەوبەرى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق، بۆئەوەى بکرێن بە دوو پارێزگاى نوێ.
چیرۆکەکە لە 14ى نیسانى 2025 دەستیپێکرد، لەگەڵ دەنگدان بە بەپارێزگاکردنى هەڵەبجە، داواکارییەک درایە سەرۆکایەتیى پەرلەمان بۆئەوەى پرسی بەپارێزگاکردنى قەزاى تەلەعفەر لە سنوورى پارێزگاى نەینەوا تاوتوێ بکرێت.
دارا سێکانیانى، ئەندامى لیژنەى یاسایی پەرلەمان بە رووداوى گوت، "داواکارییەکە دەنگى بەدەستهێنا، بەڵام بەهۆى پشێوییەوە بەپارێزگاکردنى تەلەعفەر تاوتوێ نەکرا."
ئەو نەخشەیەى دیاریکراوە بۆ بەپارێزگاکردنى تەلەعفەر، ئەو قەزایە و چوار ناحیەکەى ئێستاى دەگرێتەوە، قەزاى شنگالیش دەخرێتە سەرى کە ناوچەیەکى کوردستانییە و بەگوێرەى مادەى 140ى دەستوور خاوەندارێتیى لەنێوان هەولێر و بەغدا یەکلانەبووەتەوە.
ناوەندى قەزاى تەلەعفەر زۆرینە تورکمانى شیعەن، ناحیەکانى بریتین لە رەبیعە (زۆرینە سوننە)، زوممار (زۆرینە کورد)، عەیازییە (فرە پێکهاتە)، قەزاى شنگال کە هەوڵ دەدرێت بخرێتە سەر تەلەعفەر، کە زۆرینەى دانیشتووانى کوردى موسڵمان و ئێزدین.
دواى ئەو داوایە، 14ى نیسان پارتى سەروەری و هاوپەیمانیى عەزم، کە دوو لایەنى سوننەن، لە دژى هەڵوێستیان وەرگرت، کە شیعەکان لەپشتیەوە بوون.
ناڕەزایەتیی سوننەکان لە دژى بچووککردنەوەى نەینەوایە، کە بە 37.2 هەزار کیلۆمەتر سێیەم گەورەترین پارێزگاى عێراقە، ئەگەر تەلەعفەر بە شنگالەوە بکرێتە پارێزگا، 7.3 هەزار کیلۆمەتر لە نەینەوا جیادەکاتەوە.