92 خێزانى کوردى ئێزدى دەگەڕێنەوە شنگال
رووداو دیجیتاڵ
92 خێزانى کوردى ئێزدى لە یەکێک لە کەمپەکانى هەرێمى کوردستانەوە دەگەڕێنەوە شنگال. بە گوێرەى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق، نزیکەى 21 هەزار خێزان ماون بگەڕێنەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 21ـى نیسانى 2025، عەلى جەهانگیر، گوتەبێژى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "ئەو ئاوارانەى شنگال 20ـى نیسان لە کەمپى چەمشکۆى دهۆکەوە گەڕاونەتەوە شنگال".
ئەو خێزانانەى شنگال کە ئاوارەى هەرێمى کوردستان بوون، زۆرینەیان لە کەمپەکانى پارێزگاى دهۆک جێگیربوون.
گوتەبێژى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق رایگەیاند: "سەرەتاى پار 31 هەزار خێزانى ئاوارەى شنگال لە کەمپەکانى هەرێمى کوردستان بوون؛ ئێستا 21 هەزار خێزان ماون".
وەزارەتى کۆچ و کۆچبەران لەکاتى گەڕانەوەى هەر خێزانێکى ئاوارە بۆ زێدى خۆى چوار ملیۆن دینار، تەباخ، بەفرگر و تەلەڤزیۆنێکی پێدەدات.
عەلى جەهانگیر گوتى: "ئێستا تەنیا ئامێرەکانى ناوماڵ دەدرێت بەو خێزانانەى دەگەڕێنەوە و هاوکارییە داراییەکە پێویستى بە رەزامەندیى وەزارەتى داراییە کە بەم نزیکانە دابەش دەکرێت".