ئاوی کەلار: وەرزی هاوین بەرهەمهێنان و دابەشکردنی ئاو زیاد دەکەین

 
رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی چاککاری لە بۆریی سەرەکیی پاڵاوگەی ئاوی کەلار، ئەمڕۆ دووشەممە لە 12 گەڕەکی شارەکە ئاو دابەش ناکرێت. بەڕێوەبەری ئاوی کەلار دەڵێت، بۆ وەرزی هاوین و گەرما ئاستی بەرهەمهێنانی ئاو زیاد دەکەن. دەشڵێت، 5 ساڵە داوای فراوانکردنی پاڵاوگەی ئاوی شارەکە دەکەن، بەڵام بەهۆی قەیرانەوە قبووڵ ناکرێت.
 
سامان رەحیم، بەڕێوەبەری ئاوی کەلار میوانی "بەرنامەی مژار" بوو لە رادیۆی رووداو، باسی ئامادەکارییەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکەیانی کرد بۆ وەرزی هاوین و گەرما و گوتی، وەکو ئامادەکارییەک بۆ وەرزی گەرما ئەمڕۆ دووشەممە 21ی نیسان، بۆریی 700 ملیمیی پاڵاوگەی ئاوی کەلار1 چاککاریی تێدا دەکرێت، لە هەندێک شوێنیشەوە هێڵی نوێی بۆ زیاد دەکرێت.
 
لە کەلار، رۆژانە ئاو بەسەر زیاتر لە 30 هەزار هاوبەش لە 32 گەڕەکدا دابەش دەکرێت. بە گوتەی بەڕێوەبەری ئاوی شارەکە، لە کۆی 32 گەڕەکی شارەکە، سبەی 12یان بۆ ماوەی یەک رۆژ ئاویان بۆ بەرنادرێتەوە.
 
بۆ دابینکردنی ئاوی خواردنەوە، بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی کەلار پشت بە دوو سەرچاوەی ئاو دەبەستێت، بە پلەی یەکەم ئاوی سەر زەوی کە لەڕێگەی پاڵاوگەی ئاوی کەلار لەسەر رووباری سیروانەوە ئاو بۆ زۆرینەی دانیشتووانی شارەکە دابین دەکرێت، بە پلەی دووەمیش ئاوی ژێرزەوی.
 
لە کۆی 96 بیری ئیرتیوازی، 33 یان داخراون. سامان رەحیم دەڵێت، رۆژانە زیاتر لە 90 هەزار مەتر سێجا ئاو بەسەر زیاتر لە 300 هەزار دانیشتووی شارەکەدا دابەش دەکەن.
 
گوتیشی، بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستن بە ئاوی ژێرزەوی، لە ساڵی 2020ـەوە دەرخستەی فراوانکردنی پاڵاوگەی ئاوی کەلار1 ئاراستەی وەزارەتی شارەوانی و ئەنجوومەنی وەزیران دەکەین، بەڵام بە پاساوی قەیران و زۆریی گوژمەکەی، کە نزیکەی 12 ملیۆن دۆلارە، پەسند ناکرێت.
 
ئاماژەی بەوەش کرد، چوار گەڕەکی شارەکە تۆڕی ئاویان بە تەواوی کۆن بووە و گرفتی گەورەیە بۆیان، بەڵام ئەویش بودجەی بۆ تەرخان ناکرێت بۆ چارەسەرکردنی.
 
لەبارەی پلانی بەڕێوەبەرایەتییەکەیان بۆ وەرزی هاوین و گەرما، سامان رەحیم دەڵێت، بەهۆی ئەوەی سرووشت و کەشوهەوای کەلار و ناوچەکە گەرم و وشکە، ناچارین لە وەرزی هاویندا بڕی بەرهەمهێنانی ئاو زیاد بکەین و رۆژانە نزیکەی 100 هەزار مەتر سێجا ئاو بەرهەم دەهێنین و نزیکەی کاژێر و نیوێک ئاو دابەش دەکەین.
 
گوتیشی، بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئاو، پێویستیان بە بودجەی فریاکەوتنە، چونکە هەر گرفتێک دروست ببێت، کێشەی گەورەیان بۆ دروست دەکات.
 
خانەنشینبوونی فەرمانبەران و دانەمەزراندنی فەرمانبەری نوێ یەکێکی دیکەیە لەو گرفتانەی رووبەڕووی بەڕێوەبەرایەتییەکە بووەتەوە. سامان رەحیم دەڵێت، لە ساڵی 2016وە تاوەکو ئێستا 46 فەرمانبەرمان خانەنشین بوون، بەڵام هیچ کەسێک لە جێگەیان دانەنراوە و دانەمەزراوە، بۆیە ئەوە گرفتی گەورەی بۆ دروستکردوون.