ژنە گەنج و هاوژینە بەتەمەنەکەی سۆران دەستگیرکران
رووداو دیجیتاڵ
نوورا فوئادی تەمەن 20 ساڵ و عەزیز سلێمانی تەمەن 65 ساڵ، کە هاوسەری یەکدین و هاوسەرگیرییەکەیان بەهۆی جیاوازی تەمەنیانەوە، کاردانەوەی لێکەوتەوە، لەلایەن پۆلیسی قەزای سۆرانەوە دەستگیرکران.
رۆژی دووشەممە، 21ـی نیسانی 2025، سەرچاوەیەک لە پۆلیسی قەزای سۆران بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ فەرمانی دەستگیرکردن بۆ نوورا و عەزیز سلێمان دەرکرا و دوای نیوەڕۆ دەستگیرکران."
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، ئەو دوو کەسە، کە هاوژینی یەکدین، بەپێی مادەی 376ـی یاسای سزادانی عێراقی دەستگیرکراون.
لە مادەی 376ـی یاسای سزادانی عێراقیدا هاتووە، سزادەدرێت بە زیندانیکردن بۆ ماوەیەک زیاتر نەبێت لە حەوت ساڵ یان بەندکردن، ئەو کەسەی کە هاوسەگیری بۆ خۆی دەکات، هەرچەندە زانیویەتی ئەو گرێبەستە لە رووی شەرعی یان یاسایی پووچەڵە جا بە هەر هۆکارێک بێت.