لە زاخۆ کەسێک باوک، خوشک و هاوژینەکەی بریندار دەکات

رووداو دیجیتاڵ
 
گوتەبێژی پۆلیسی زاخۆ رایگەیاند، لەسەر کێشەیەکی کۆمەڵایەتی کەسێک تەقەی لە ئەندامانی خێزانەکەی کردووە، بەو هۆیەوە، باوکی، خوشکی و هاوژینەکەی بریندار بوون.
 
رۆژی دووشەممە، 21ـی نیسانی 2025، ئەحمەد رەمەزان، گوتەبێژی پۆلیسی زاخۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئێوارەی ئەمڕۆ ئاگادار کراینەوە لە رووداوێکی بریندارکردن بە چەک، دەرکەوت کەسێک هاوژینەکەی، خوشک و باوکی بریندار کردبوو، بەڵام برینەکانیان مەترسیدار نین."
 
 وەکو گوتەبێژی پۆلیسی زاخۆ گوتی، دەمەقاڵێ لە نێوانیان روویداوە، دواتر ئەو گەنجە بە دەمانچە تەقەی لێکردوون و برینداری کردوون.
 
تەقەکەرەکە ناوی (ر. ئـ. ر)ـە و تەمەنی 40 ساڵە، دانیشتووی زاخۆیە. گوتەبێژی پۆلیسی زاخۆ گوتی: "تۆمەتبارەکە لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکراوە."
 
سەبارەت بە تەندروستیی بریندارەکان، ئەحمەد رەمەزان گوتی، "دووانیان گوللە بە قاچیان کەوتووە، یەکێکیشیان گوللە بە دەستی کەوتووە، تەندروستییان جێگیرە."