پارێزگاری نوێی کەرکووک دەستبەکاربوو و یەکەم بڕیاری دەرکرد

 
رووداو دیجیتاڵ 

ئەمڕۆ سێشەممە، محەممەد سەمعان کەنعان، وەک پارێزگاری نوێی کەرکووک لە بەردەم سەرۆکی دادگەی پارێزگاکە سوێندی یاسایی خوارد و بە فەرمی دەستبەکاربوو. لە یەکەم بڕیاریشیدا فەرمانی کرد تەواوی وێنەکانی لە شەقامەکان لابرێن.
 
رۆژی سێشەممە 21-04-2026، لە رێوڕەسمێکدا لە دادگەی کەرکووک و لەبەردەم قاسم عەزاوی، سەرۆکی دادگەی تێهەڵچوونەوەی کەرکووک، محەممەد سەمعان سوێندی یاسایی خوارد بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگار.
 
پارێزگاری نوێی کەرکووک لە یەکەم هەنگاویدا داوای کرد تەواوی ئەو وێنانەی خۆی کە لە کەرکووک هەڵواسراون لابرێن؛ بڕیاریشیدا لەبری وێنەکان، بە چوار زمان بنووسرێت "کەرکووک رەمزی برایەتییە".
 
دەستبەکاربوونی محەممەد سەمعان دوای ئەوە دێت، کە رۆژی دووشەممە 20-04-2026، نزار ئامێدی، سەرۆککۆماری عێراق لە کۆشکی بەغدا پێشوازی لێکرد و مەرسوومی کۆماریی بۆ دەستبەکاربوونی وەک پارێزگاری کەرکووک رادەست کرد.
 
پێشتر و لە کاتی ئاڵوگۆڕکردنی پۆستەکەدا لە 16-04-2026، محەممەد سەمعان وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری لەلایەن پێکهاتەی تورکمانەوە بە "مێژوویی" وەسف کرد و گوتی: "ئێمە ئێستا گەیشتووینەتە قۆناخێک کە حەسرەتی 100 ساڵەمان کۆتایی پێهێنا؛ ئەمڕۆ دوای 102 ساڵ پارێزگاری کەرکووک تورکمانە."
 
هەڵبژاردنی محەممەد سەمعان دوای چەندین مانگ لە گفتوگۆ و ململانێی سیاسیی نێوان پێکهاتەکانی کەرکووک دێت. ئەمە یەکەمجارە لە مێژووی نوێی عێراقدا کەسایەتییەکی تورکمان ببێتە پارێزگاری کەرکووک؛ پۆستێک کە پێشتر لەنێوان کورد و عەرەبدا بووە.
 
وەرگرتنی ئەم پۆستە لەلایەن تورکمانەوە، وەک بەشێک لە رێککەوتنی سیاسیی نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و لایەنە تورکمانی و عەرەبییەکان بۆ بەڕێوەبردنی شارەکە سەیر دەکرێت.