بەڕێوەبەری ناحیەی کەلەکچی: بەشێک لە دانیشتووانی تل گۆمەل زێدەڕۆییان کردووەتە سەر شوێنەوار

 
رووداو دیجیتاڵ

دانیشتووانی گوندی تل گۆمەل لە سنووری ناحیەی کەلەکچی، نیگەرانن لە بڕیارێکی چۆڵکردنی خانووەکانیان کە بە بیانووی "زێدەڕۆیی بۆ سەر ناوچەی شوێنەواری" ئاراستەیان کراوە. بەڕێوەبەری ناحیەی کەلەکچییش دەڵێت، بڕیارەکە تەنیا ئەو دیوار و شوێنانە دەگرێتەوە کە تازە و بە شێوەی زێدەڕۆیی دروست کراون.
 
دانیشتووانی گوندەکە باس لەوە دەکەن، لەلایەن پۆلیسەوە ئاگادار کراونەتەوە کە دەبێت لە ماوەی 24 کاژێردا 23 خانوو لە کۆی 40 خانووی گوندەکە چۆڵ بکرێن. ئەحمەد شوکر، دانیشتوویەکی گوندەکەیە و دەڵێت، "خانووی باوکم و چوار برام و چەندین کەسی دیکە کە هەموومان ئامۆزای یەکدین، کەوتوونەتە نێو بڕیارەکە. هەندێک لەو خانووانە 20 ساڵە دروست کراون و هەندێکیشیان نوێن."
 
گوندنشینان دەڵێن، لە ساڵی 2010ـەوە تیمێکی ئیتاڵی لەوێ کار دەکەن و تاوەکو ئێستا پێیان نەگوتوون خانووەکانیان لەسەر شوێنی شوێنەوارییە.
 
هەڤاڵ ئاکرەیی، بەڕێوەبەری ناحیەی کەلەکچی بە رووداوی راگەیاند، گردی گۆمەل شوێنێکی مێژوویی گرنگە و تەمەنی بۆ نزیکەی 5000 ساڵ پێش زایین دەگەڕێتەوە، کە شوێنی جەنگی مێژوویی نێوان ئەسکەندەری مەزن و ئیمپراتۆری فارسی بووە.
 
سەبارەت بە بڕیاری رووخاندنی خانووەکان، بەڕێوەبەری ناحیەی کەلەکچی گوتیشی، "هیچ خانوویەکی کۆن کە تەمەنی 5 بۆ 20 ساڵ بێت، بڕیاری رووخاندنی نییە. کێشەکە لەو زێدەڕۆییە نوێیانەیە کە لە دوو ساڵی رابردوودا کراون؛ گرفتەکە ئەوەیە زێدەڕۆیی بۆ سەر حەرەمی گوند بووەتە دیاردە و کەسانێک هەن رووبەرێکی زۆریان گرتووە، فەرمانگەی شوێنەواریش تەنیا رێگری لەو زێدەڕۆییە نوێیانە دەکات نەک رووخاندنی ماڵی هاووڵاتییانی کەمدەرامەت."
 
پڕۆژەی شوێنەواریی گردی گۆمەل (KIGAP) لەلایەن زانکۆی ئۆدینیی ئیتاڵی و بە هاوبەشی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری دهۆک سەرپەرشتی دەکرێت. بەپێی دۆزینەوەکانی ئەو تیمە، شوێنەکە مێژووەکەی بۆ 5 هەزار ساڵ پێش زایین دەگەڕێتەوە و بە شارە دێرینەکەی ئاشوورییەکان (Gammagara) دادەنرێت.