کۆمیسیۆن بە بڕی 50 ملیۆن دینار سزای حەسەن تۆران دەدات
رووداو - هەولێر
حەسەن تۆران وەڵامی سزاکەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراقی دایەوە و رایگەیاند "بێدەنگ نابین و پەرلەمانتارانی یو ئێس بی (USB) رەتدەکەینەوە".
بە بیانووی سەرپێچی یاساکانی کۆمیسیۆن، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کاندیدی دەرنەچوو حەسەن تۆران، جێگری سەرۆکی بەرەی تورکمانی عێراقی بە 50 ملیۆن دینار سزادا.
لە بەیاننامەیەکدا حەسەن تۆران رایگەیاند "دوای ئەوەی رۆڵی پەرلەمانتاریی و چاودێری خۆمان ئەنجامداوە، لە ئاشکراکردنی سەرپێچییەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە ساختەکاریی و یارییکردن بەئەنجامدانی هەڵبژاردنی پارێزگای کەرکووک، کۆمیسیۆن 50 ملیۆن دینار سزای بەسەردا سەپاندووین".
حەسەن تۆران، کاندیدی دەرنەچووی بەرەی تورکمانی بوو لە کەرکووک. ئەو دەڵێت "ئەرکی نیشتمانی و یاسایی خۆم ئەنجامداوە، بۆ پاراستن و گرەنتی دەنگی دەنگدەران، لەکاتێکدا رۆڵەکانی پێکهاتەی تورکمانی بەردەوامن لە گردبوونەوەی مەدەنیانەدان، کە داوادەکەن بەدەست سندووقەکانی دەنگدانی کەرکووک ئەژمار و جیابکرێنەوە".
تۆران ئاماژەی بەوەشکرد "ئەو سزایە شەرەف و شانازییە بۆ ئاشکراکردنی راستییەکان و پاشەكشەش لە داواکردنی مافی رۆڵەکانی گەلەکەمان ناکەم، ئەو سزایەی کۆمسیۆنیش بەرزترین سزایە، کە لە مێژووی کۆمیسیۆندا سەپێنراوە".
بەگوتەی تۆران ئامانج لەو کارە بێدەنگکردنییەتی لە ئاشکراکردنی "سەرپێچیی و ساختەکارییەکان. دەشڵێت "بێدەنگ نابین لە داواکردنی مافەکانمان و بەرگریکردن لە گەلەکەمان، ئامانجیشمان دەستکەوتنی کورسی پەرلەمان نییە، بەڵکو ئاشکراکردنی پێشێلکاریی و ساختەکارییە و پەرلەمانتارانی USB-ش رەتدەکەینەوە".
حەسەن تۆران، کاندیدی بەرەی تورکمانی بوو لە کەرکووک. بەپێی ئەنجامەکانی کۆمیسیۆن شەش هەزار و 504 دەنگی بەدەستهێناوە.
بەپێی نووسراوێک کە لەلایەن ئەحمەد رەحیم بشارە، بڕیاردەری کۆمیسیۆن بۆ سەرۆکی ئەنجوومەنی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بەرزکردووتەوە، حەسەن تۆران بە " هاندان و ناوزڕاندنی کۆمیسیۆن" تۆمەتبارکراوە. وەک لە نووسراوەکەدا ئاماژەی بۆکراوە، کۆمیسیۆن بڕیاریداوە سزای پێبژاردن بە بڕی 50 ملیۆن دینار بەسەر حەسەن تۆران بسەپێنێت.
داڕشتنەوە: حەکیم داود