بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر: ئیفراز سێ چاککرایەوە و 72 کاژێری دیکە ئاو دەگاتەوە ماڵان

 
رووداو دیجیتاڵ

بۆری ئاوی ئیفراز چاککرایەوە و بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر دەڵێت، 72 کاژێری دیکە ئاو دەگاتەوە ماڵان.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 21ی ئایار رابەر حوسێن، بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بۆری ئاوی ئیفراز کە لە نزیك گوندی دارەبەن شکێندرابوو، بەیانیی ئەمڕۆ تیمەکانمان توانییان رێکارەکانی چاککردنەوەی تەواو بکەن و وێستگەکان دەستیان بە کارکردن کردەوە."
 
بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر راشیگەیاند، "ماوەی 72 کاژێرمان پێویست دەبێت بۆئەوەی وێستگەکان بتوانن ئاو بە سەرجەم ناوچەکان بگەیێننەوە."
 
رۆژی دووشەممە بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێر رایگەیاند، "بە هۆکاری کارکردنی چەند هاووڵاتییەكی نابەرپرس، هێڵی گوێزەرەوەی ئاوی ئیفراز شکێندرا."
 
رابەر حوسێن گوتی، "فەرمانی دەستگیرکردن بۆ چوار کەس دەرچووە کە تۆمەتبارن بە شکاندنی هێڵێکی گوێزەرەوەی ئاوی ئیفراز."
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر، زیانی ئەو شکاوییەی کە لە بۆریی هێڵی گوێزەرەوەی ئیفراز سێ دروستبوو نزیکەی 60 ملیۆن دینارە و نزیکەی 60 هەزار مەتر سێجا ئاو بەفیڕۆچووە.
 
پڕۆژەکانی ئیفراز لە هەولێر نیوەی ئاوی خاوێنی سنوورەکە دابین دەکەن. تەنیا پڕۆژەی ئاوی ئیفراز سێ سەرچاوەی سەرەکیی نزیکەی 40 گەڕەکی شاری هەولێرە کە دەکاتە 40%ـی دانیشتووانی شارەکە.