مەسرور بارزانی و سیناتۆرێکی ئەمریکی تاوتوێی "رێزگرتن" لە قەوارەی هەرێمی کوردستان دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە واشنتن لەگەڵ سیناتۆر تێد بەد کۆبووەوە و "گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ و رێزگرتن لە قەوارەی فیدراڵی هەرێم" تەوەرێکی کۆبوونەوەکە بوو.
رۆژی 17ـی ئایاری 2025، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە واشنتن.
ئەمڕۆ چوارشەممە، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی کۆبوونەوەی مەسرور بارزانی لەگەڵ سێناتۆر تێد بەد رایگەریاند، هەردوولا خواستی خۆیان بۆ پەرەپێدانی پەیوەندی دوولایەنە دووپاتکردەوەتەوە و "جەخت لە بەردەوامبوونی پشتگیریکردنی هێزی پێشمەرگە کرایەوە."
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، "چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێم لە بوارەکانی بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری، وزە، کارەبا، سیستمی بانکی، بەدیجیتەڵکردنی خزمەتگوارییە گشتییەکان وهەوڵەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت"، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکان بوون.