کۆبوونەوەی سنە؛ دەروازەکانی کێلەشین و سازان و ئاسانکاری بازرگانی لەپێشینەدان

رووداو دیجیتاڵ

12 رێککەوتننامە و لێکتێگەیشتن، هەوێنی گفتوگۆ و دانوستاندنی دوو رۆژەی کۆبوونەوەی سنەیە؛ پارێزگارەکان یەک بەدوای یەک رێککەوتننامە و لێکتێگەیشتنە هاوبەشەکان واژۆ دەکەن.
 
دەروازەی کێلەشین لەنێوان هەولێر و ورمێ و دەروازەی سازان لەنێوان هەڵەبجە و کرماشان، بەشێک بوون لە یاداشتەکانی لێکتگەیشتنی نێوان پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و رۆژهەڵاتی کوردستان. 
 
دکتۆر کەرەمی، جێگری پارێزگاری ورمێ لەوبارەوە دەڵێت، "بەفەرمیکردنی دەروازەی کێلەشین ساڵی رابردوو لە ئەنجوومەنی وەزیران پەسند کرا و ئامادەکارییەکانی لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە کراون. بۆ کردنەوەی هەندێک کاری ئاوەدانکردنەوە و ئامادەکاری ژێرخان لەلایەن عێراقەوە بکرێت."
  
نوخشە ناسیح، پارێزگاری هەڵەبجەش لەوبارەوە دەڵێت، "پێم وایە مەرزی سازان یەکێکە لە مەرزە گرنگەکانی هەرێمی کوردستان و بۆ پارێزگای هەڵەبجەش زۆر گرنگە، لە یەکێک لە بەندەکان نووسیومانە، دەبێت لە هەردوولایەنەوە کاری گرنگیی لەسەر بکرێت. خۆشبەختانە ئێمە وەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان رێگەوبانی بۆ دەبەین."
 
هەوڵی دامەزراندنی بازاڕی ئازادی بازرگانی و ناوچەی پیشەسازی هاوبەش، کارئاسانی تەواو بۆ هاتووچۆی بازرگانی و گەشتیاری بەشێک لە رێککەوتن و لێکتێگەیشتنی نێوان پارێزگارەکان بوو.
 
هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی لەوبارەوە گوتی، "دەربارەی ئەمەوە راوێژ و گفتوگۆمان کردووە و ئەوان بەڵێنیان داوە لێی بکۆڵنەوە و ئاگادارمان بکەنەوە."
 
هەڤاڵ ئەبوبەکر گوتیشی، "هێشتا بڕیاری ئەوە نەدراوە ئەو 250 دۆلارەی لە گەشتیاران دەسەنرێت هەڵبگیرێت، بەڵام ئێمە هەوڵەکانمان دەستپێکردووە و ئومێدە دەکەین ئەنجامی هەبێت."
 
پارێزگاکانی ورمێ، سنە و کرماشان نزیکەی 500 کیلۆمەتر سنووری هاوبەشیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە. جگە لەوەی دەروازە نێودەوڵەتی و فەرمییەکانیان نزیکترین رێگەی وشکانی گەیاندنی کاڵان بۆ نێو بازاڕی هەرێمی کوردستان، رۆژئاوا و ناوەندی عێراق، لە هەمانکاتدا دەستی کاری هەرزان، کاری دەستی جوان، بۆن و بەرامی کوردەواری خۆراک و کاڵایان، بازاڕێکی هەمیشەییان لە هەرێمی کوردستان هەیە.