21 ئەفسەری یۆنانی بە هۆکاری خنکانی 700 کۆچبەر تۆمەتبار دەکرێن
رووداو دیجیتاڵ
دوای تێپەڕبوونی سێ ساڵ بەسەر یەکێک لە گەورەترین کارەساتەکانی نوقمبوونی کۆچبەران لە دەریای ناوەڕاستدا، لێکۆڵینەوەکان رێڕەوێکی نوێ وەردەگرن. دادگای ،تەمیزی یۆنان فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ ژمارەیەک ئەفسەر و کارمەندی هێزی دەریاوانیی وڵاتەکەی دەرکرد، بە تۆمەتی تێوەگلان لە نوقمکردنی بەئەنقەستی ئەو کەشتییەی سەدان کۆچبەری هەڵگرتبوو.
رۆژی پێنجشەممە، 21ـی ئایاری 2026، پێشڕەو عەبدوڵڵا، نوێنەری کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان لە ئەورووپا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دوای لێکۆڵینەوەیەکی ورد، دەرکەوتووە کە قسەی رزگاربووان راست بووە و رووداوەکە "بە ئەنقەست" لەلایەن هێزە دەریاوانییەکانی یۆنانەوە کراوە.
رووداوەکە بۆ هاوینی ساڵی 2023 دەگەڕێتەوە، کاتێک کەشتییەکی ماسیگری لە لیبیاوە بەڕێکەوت و نزیکەی 700 کۆچبەری هەڵگرتبوو، بەڵام لە کەناراوەکانی یۆنان نوقم بوو. لەو کارەساتەدا تەنیا 93 کەس رزگار بوون، کە ژمارەیەکیان کۆچبەری کورد بوون لە رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی کوردستانەوە، ئەوانی دیکە هەموویان بێسەروشوێن بوون.
پێشڕەو عەبدوڵڵا دەڵێت: "لە کاتی رووداوەکەدا رزگاربووان شایەتییان دابوو کە هێزی دەریاوانیی یۆنان بە ئەنقەست پاڵیان بە کەشتییەکەوە ناوە و بوونەتە هۆی وەرگەڕانی، بەڵام بۆ ماوەی سێ ساڵ ئەم بابەتە پەردەپۆش کرابوو."
بەپێی زانیارییەکانی نوێنەری کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان، ئێستا بڕیاری دەستگیرکردن بۆ 21 کارمەند و ئەفسەری باڵای هێزی دەریاوانیی یۆنان دەرچووە کە لە کاتی رووداوەکەدا لە ئەرکدا بوون و بڕیارە رووبەڕووی دادگای تاوانەکان بکرێنەوە.
پێشڕەو عەبدوڵڵا داوا دەکات ئەو 93 کەسەی کە لەو کارەساتە رزگاریان بووە و ئێستا لە شوێنی جیاواز نیشتەجێن، ئامادەی دادگاییەکە بن و شایەتی بدەن، تاوەکو مافی قوربانییان بەفیڕۆ نەچێت و قەرەبوو بکرێنەوە، چونکە کەسوکاری قوربانییەکان چاوەڕێی دادگای تاوانەکانی یەکێتیی ئەوروپان بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەم دۆسیەیە.
ئەم پێشهاتە یاساییە لە کاتێکدایە کە کۆچی نایاسایی و گیانلەدەستدانی گەنجانی کورد لە رێگەکانی کۆچدا بەردەوامە. نوێنەری کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان گوتی: "تەنیا لە ساڵی 2025ـدا، 18 کۆچبەری کورد لە رێگەی کۆچدا گیانیان لەدەستداوە."