گوتەبێژی کۆمەڵی دادگەری: دەمانەوێت لەگەڵ پارتی ساردی لە نێوانمان نەمێنێت
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان رایدەگەیێنێت، کۆبوونەوەیان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ نەهێشتنی ئەو "ساردییە" بووە کە لەنێوانیاندا هەبووە و دەشڵێت، پارتی داوای نێوەندگیریی لێ نەکردوون بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان لەگەڵ یەکێتی.
محەممەد حەکیم، گوتەبێژی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، رۆژی پێنجشەممە، 21ـی ئایاری 2026، لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداودا، کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات رایگەیاند، سەردانەکەیان بۆ لای پارتی دیموکراتی کوردستان دوای ئەوە دێت کە "ساردییەک لە نێوانمان بووە و هەردوولا ئارەزووی ئەوەیان بووە کە ئەو ساردییە نەمێنێت."
بە گوتەی محەممەد حەکیم، پێشتریش لەلایەن پارتییەوە "دەستپێشخەریی باش کراوە" و ئاماژەی بەوە کرد، "نوێنەری جەنابی کاک مەسعود و شاندێکی مەکتەبی سیاسیی پارتی لای جەنابی مامۆستا عەلی باپیر بوون."
سەبارەت بە هەوڵەکانی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان، گوتەبێژی کۆمەڵی دادگەری گوتی: "ئێمە لە کاراکردنەوەی پەرلەمان بەدەرین، چونکە لە پەرلەمانی کوردستان نین." بەڵام هۆشداریی دا لە ئەگەری هەنگاوی تاکلایەنە و رایگەیاند، "هەر هەنگاوێک کە لایەنێک بینێت، با زۆرینەیش دروست بکات، ئەگەر مەترسیی دوو ئیدارەیی لێبێت، ئێمە لەگەڵیدا نین."
محەممەد حەکیم جەختی لەوە کردەوە کە کۆمەڵی دادگەری ماوەی ساڵێکە داوای دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردن دەکات و گوتی، "داوای ئێمە جیایە لەگەڵ ئەوەی کە ئێستا باس دەکرێت، کە جۆرێکە لە هەڕەشەکردن لە یەک."
یەکگرتوو لە رێگەی دەستپێشخەریییەک هەوڵی تێپەڕاندنی دۆخی چەقبەستووی سیاسی لە هەرێمی کوردستان دەدات.
گوتەبێژی کۆمەڵی دادگەری هۆشداریی تووندی دا لەبارەی مەترسیی گەڕانەوەی دووئیدارەیی و گوتی، "بەداخەوە دوو ئیدارەیی هەیە، دوو زۆن هەیە و دوو پێشمەرگە هەیە، دوو ئاسایش هەیە، هەموو شت دووانە لە هەرێمی کوردستاندا، بەڵام پێمان خۆش نییە ئەمە ببێتە ئەمری واقیع."
محەممەد حەکیم داوای لە پارتی دیموکراتی کوردستان کرد، وەک براوەی هەڵبژاردن و خاوەن زۆرینە، نەرمیی زیاتر بنوێنێت. گوتیشی، "حەقە نەرمی زیاتر بنوێنێت و هەنگاوێکی باش بنێت، بەتایبەت کاک مەسعود کە پێگەی خۆی هەیە لە دەرەوە و ناوخۆی کوردستان، خەڵک چاوەڕێی لێدەکات لەو رووەوە هەوڵ بدات پارتی و یەکێتی پێک بگەیەنێت."