لە سێمێل فێستیڤاڵی سپیایی بەڕێوەدەچێت


رووداو دیجیتاڵ

لە قەزای سێمێل، بۆن و بەرامی بەرهەمە رەسەنەکانی کوردستان تێکەڵ بە کەشوهەوای ناوچەکە بووە. فێستیڤاڵێکی تایبەت بە بەرهەمە سپیاییەکان دەستیپێکردووە ئامانج لێی زیندووکردنەوەی ژیانی کۆچەری و ناساندنی ئەو بەرهەمانەیە کە نەوە لە دوای نەوە وەک میرات ماونەتەوە.
 
ناسر عەلی، بەرپرسی نووسینگەی رووداو لە دهۆک، سەردانی کۆمەڵگەی "گرێ گەورێ"ی کردووە، لەوێ ئامادەکارییەکان لە ئاستێکی بەرزدان. ریشسپی و شارەزایانی ناوچەکە خەریکی جیاکردنەوەی باشترین ئەو بەرهەمانەن کە بڕیارە لە فێستیڤاڵەکەدا پێشانی میوانان و گەشتیاران بدرێن.
 
حەسۆ ئاغا، یەکێک لە کەسایەتییە دیارەکانی سێمێل و شارەزا لە بەرهەمە سپیاییەکان، بە رووداوی راگەیاند: "لێرە لە سێمێل، پیشەی سەرەکیی ئێمە وەک کۆچەر، بەخێوکردنی مەڕوماڵات بووە. ئەم فێستیڤاڵە تەنیا نمایشکردنی خواردن نییە، بەڵکو پاراستنی میراتی باو و باپیرانمانە و دەمانەوێت نەوەی نوێ بزانن رەگ و ریشەیان لەکوێیە."
 
ئەوەی ئەم فێستیڤاڵە لە چالاکییەکانی دیکە جیادەکاتەوە، بوونی ئەو جۆرە سپیاییانەیە کە رەنگە لە بازاڕە ئاساییەکاندا دەستنەکەون. لە "سەرتوو"ی خەستەوە تاوەکو دەگاتە "لۆر"، "کەنگرماست"، "پرپینەماست" و "نانسەگ". 
 
تەنیا سپیاییش نییە، بەڵکو رۆنی کوردی و دۆشاوی سروشتیش مێزی فێستیڤاڵەکەیان رازاندووەتەوە.
 
حەسۆ ئاغا دەڵێت، لە رابردوودا مەڕوماڵات نەک هەر سەرچاوەی بژێوی، بەڵکو نیشانەی دەوڵەمەندی و سەربەرزی بووە: "لە سەردەمی زوودا، ئەگەر مەڕوماڵاتت هەبووایە، قەت هەستت بە هەژاری نەدەکرد. تەنانەت ئەگەر پارەش لە گیرفانتدا نەبووایە، بەرهەمی سپیاییەکەت شک دەبرد کە لە هەر کوێیەک بوایە دەبووە پارە."
 
سەرەڕای ئەو بایەخە، بەشێک لە خەڵکی ناوچەکە نیگەرانن لەوەی گەنجان وەک پێویست روو لەم پیشەیە ناکەن. گۆڕانی شێوازی ژیان و رۆیشتنی منداڵان بۆ قوتابخانە، وایکردووە دەستی کار لەم کەرتەدا کەمبێتەوە، بەجۆرێک ئێستا خاوەن مەڕەکان ناچارن بە تێچوویەکی زۆر شوان لە وڵاتانی دراوسێوە (بە تایبەت تورکیا) بهێنن.
 
نەسرەدین عەلی، یەکێک لە رێکخەرانی فێستیڤاڵەکە، ئومێدی زۆری بەم دەسپێشخەرییە هەیە و بە رووداوی گوت: "ئەم فێستیڤاڵە زەنگێکە بۆ هەمووان، دەمانەوێت نیشانی بدەین کە بەرهەمەکانمان هێشتا خواستی زۆریان لەسەرە و دەکرێت ببنە سەرچاوەیەکی گەورەی داهات بۆ خەڵکی ناوچەکە."
 
بڕیارە فێستیڤاڵەکە ئەمڕۆ دەستپێبکات و بۆ ماوەی سێ رۆژ بەردەوام بێت و تێیدا دەرگا بەڕووی هەموو ئەو کەسانەدا دەکرێتەوە کە دەیانەوێت تامی سپیاییە رەسەنەکانی دەستی کۆچەرانی سێمێل بکەن.