چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ سزادراوان: ئەم جەژنە لێبووردنی تایبەت نییە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، بۆ ئەم جەژنە لێبووردنی تایبەت نییە و کەس بە لێبووردنی تایبەت ئازاد ناکرێ.
ئیحسان عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان، رۆژی پێنجشەممە، 21ـی ئایاری 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەهۆی هەندێک رێکاری کارگێڕییەوە، بۆ ئەم جەژنی قوربانە هیچ لێبووردنێکی تایبەت نییە و کەس بە لێبووردنی تایبەت ئازاد ناکرێ بەتایبەتی نەخۆشەکان".
پار 57 کەس و پێراریش 43 کەس لە هەرێمی کوردستان بە لێبووردنی تایبەت ئازادکراون. ئیحسان عەبدولڕەحمان گوتی: "لێبووردنی تایبەت پەیوەست نییە بە کاتەوە، بەڵام ساڵانی رابردوو لە کاتی جەژنەکاندا لێبووردنی تایبەت هەبوو، ئێستا سەرقاڵی ئامادەکردنی لیستێکین بۆ لێبووردنی تایبەت، بەڵام دەکەوێتە دوای جەژنی قوربانەوە".
لە هەرێمی کوردستان شەش چاکسازیی گەوران هەن شەش هەزار و 57 سزادراویان تێدایە. جگە لە چاکسازیی گەوران، سێ چاکسازیی دیکەی تایبەت بە ژنان و منداڵانیش لە هەولێر، سلێمانی و دهۆک هەن.