شارەوانیی کەرکووک: لە 11 گەڕەک کە خانووە زێدەڕۆکانیان تاپۆ دەکرێن هەشتیان کوردنشینن
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی شارەوانیی کەرکووک رایدەگەیێنێت، نزیکەی 90 هەزار مامەڵە بۆ تاپۆکردنی خانووی زێدەڕۆ لە سنوورەکەیان دراوەتە شارەوانی و خانووەکانیان تاپۆ دەکرێن؛ ئاماژە بەوەش دەکات کە لە 11 گەڕەکی سەرەکی کە خانووەکانیان تاپۆ دەکرێن، هەشت گەڕەکیان کوردنشینن.
فەرەیدوون زەنگەنە، بەڕێوەبەری شارەوانیی كەركووک رۆژی چوارشەممە، 21-6-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "وەرگرتنی مامەڵەی تاپۆكردنی خانووی زێدەڕۆ كۆتاییهاتووە، سێ مانگ کات دانرابوو و نزیکەی 90 هەزار کەس مامەڵەی تاپۆیان پێشکێش کرد."
بڕیاری تاپۆکردنی خانووە زێدەڕۆکان هەموو سنووری کەرکووک دەگرێتەوە، بەڵام نزیکەی 11 گەڕەکی سەرەکی هەن کە سوودمەند دەبن لە بڕیاری تاپۆکردن؛ لەو 11 گەڕەکە 8 یان کوردنشین، دوو تورکماننشین و ئەوی دیکەشیان عەرەبنشینە.
ئەو گەڕەکە کوردنشینانەی سوودمەند دەبن لە بڕیاری تاپۆکردنی خانووەکانیان ئەمانەن: پەنجا عەلی، بارووتخانە، دەروازە، شۆراو، فەیلەق، نەورۆز، سێکانیان و گورگەچاڵ؛ هەروەها گەڕەکی بەدر و حەمزەلی بۆ تورکمانەکان و سەیادەش بۆ هاووڵاتیانی عەرەب.
فەرەیدوون زەنگەنە باسی لەوەکرد کە 60٪ بۆ 70%ـی ئەو کەسانەی لە تاپۆکردنی خانووەکانیان سوودمەند دەبن هاونیشتمانییانی کەرکووکن. بە گوتەی ئەو، لە نزیکەی 90 هەزار داواکاریی پێشکێشکراو نزیکەی 20 هەزار مامەڵەیان تەنیا لە گەڕەکی پەنجا عەلی بووە.
دوای رووخانی دەسەڵاتی بەعس لە ساڵی 2003، هاونیشتمانییەکی زۆر گەڕانەوە زێدی خۆیان و لە گەڕەکی نوێ و گەڕەکە کۆنەکانی کەرکووک خانوویان دروستکرد، دوای ماوەیەک ئەو خانووانە بە زێدەڕۆ ناسێندران. سەرۆکی شارەوانیی کەرکووک گوتی، "کێشەی هەمووی چارەسەر دەکرێت و هەموو ئەو خانووانەش تاپۆ دەکرێن دوای 2003 دروستکراون، بەمەرجێک مامەڵەیان پێشکێش کردبێت."
سەرۆکی شارەوانیی کەرکووک دەڵێت، چەند گەڕەکێکی دیکەی "لاوەکی" هەن، ئەوانیش لە بڕیاری تاپۆکردنەکە سوودمەند دەبن.
لەبارەی کاتی دەستپێکردنی تاپۆکردنەوە، شارەوانیی کەرکووک چاوەڕوانی رێنوێنیی نوێ دەکەن. فەرەیدوون زەنگەنە دەڵێت، بەشێکی ئەو کەسانەی لە خانووی زێدەڕۆدان بە هۆکاری جیا بڕیارەکە نایانگرێتەوە و لە هەوڵدان لە رێگەی وەزیر و پەرلەمانتارە کوردەکانەوە رێنوێنی نوێ دەربکرێت بۆ ئەوەی هیچ کەسێک بێبەش نەبێت لە تاپۆکردنی خانووەکەی.
شارەوانیی کەرکووک بەگوێرەی فۆرمێك كە تێیدا داواكار زانیارییە كەسییەكانی و زانیاری لەبارەی خانووەکەی تێدا تۆمار کردووە مامەڵەی تاپۆکردن دەستپێدەکات.