باڵیۆزی هۆڵەندا: پابەندین بە سه‌قامگيريى عێراق و هه‌رێمى كوردستان وەک هه‌رێمێكى ‏گرنگ


رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆكی ‏‏هەرێمی كوردستان و باڵیۆزی هۆڵەندا لە عێراق کۆبوونەوە. هانس سادنی دەڵێت، حكومه‌تى وڵاته‌كه‌ى‌ ‏پابه‌نده‌ به‌ ئارامى و سه‌قامگيريى عێراق و هه‌رێمى كوردستان وەک هه‌رێمێكى ‏گرنگ و فيدراڵى. 

رۆژی چوارشەممە 21-06-2023، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی ‏‏هەرێمی كوردستان پێشوازی لە هانس سادنی، باڵیۆزی هۆڵەندا لە عێراق ‏‏كرد. 
 
لە راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی ‏‏هەرێمی كوردستاندا هاتووە، لە كۆبوونەوەیەكدا پتەوكردنی پەیوەندییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان لەگەڵ ‏‏هۆڵەندا، دوایین پێشهات و دۆخی ناوخۆی هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكە ‏‏بە گشتی و دۆخی ئاوارەكان لە كەمپەكانی هەرێمی كوردستان خرانە بەر باس و ‏‏گفتوگۆ. 
 
نێچیرڤان بارزانی پیرۆزبایی دەستبەكاربوونی لە هانس سادنی کرد و هیوای سەركەوتنی ‏‏بۆ خواست و پشتگيريى هەرێمی كوردستانی بۆ كار و چالاكییەكانی نیشان دا. ‏‏هەروەها سوپاسی هاوكارییەكانی هۆڵەندای بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان كرد ‏‏بەتایبەتى لە بواری هەمەچەشنكردنی سەرچاوەكانی ئابووری و پێشخستنی كەرتی ‏‏كشتوكاڵدا. 
 
لاى خۆيه‌وه‌، باڵیۆزی هۆڵەندا گوتی، حكومه‌تى وڵاته‌كه‌ى‌ ‏پابه‌نده‌ به‌ ئارامى و سه‌قامگيريى عێراق و هه‌رێمى كوردستان وەک هه‌رێمێكى ‏گرنگ و فيدراڵى؛ هه‌روه‌ها بەردەوامیی ‏هاوكارییەكانی بۆ سەقامگیریی عێراق و ‏هەرێمی كوردستان دووپاتكردەوە و ‏هاوكارییەكانی هەرێمی كوردستانی بۆ ئاوارە و ‏پەنابەران بەرز نرخاند. 
 
وەک سەرۆکایەتیی ‏‏هەرێمی كوردستان دەڵێت، تاوتوێكردنی دۆخی مافی مرۆڤ، كاری رێكخراوە ناحكومییەكان لە عێراق و ‏‏هەرێمی كوردستان و چەند بابەتێكی دیكەی جێی بایەخی هاوبەش، لایەنێكی ‏‏دیكەی كۆبوونەوەكە بوو كە كۆنسولی گشتیی هۆڵەندا لە هەرێمی كوردستان ‏‏ئامادەی بوو.