مەسرور بارزانی: نابێت چیتر هەڵبژاردن دوابخرێت و بکرێتە قوربانیی خواست و ئارەزووی هیچ هێز و لایەنێک
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق کۆبووەوە و رایگەیاند، نابێت چیتر هەڵبژاردن دوابخرێت و بکرێتە قوربانیی خواست و ئارەزووی هیچ هێز و لایەنێک.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 21-06-2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە جێنین پلاسخارت، نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق کرد. بەگوێرەی راگەیێندراوێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، دۆخی عێراق و مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان قسەیان کردووە.
مەسرور بارزانی دەڵێت، لە کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ پلاسخارت، جەختی لەوە کردووەتەوە کە نابێت چیتر ئەنجامدانی هەڵبژاردن دوا بخرێت و بکرێتە قوربانیی خواست و ئارەزووی هیچ هێز و لایەنێک بۆ دواخستنی ئەو پرۆسە دیموکراتییە.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان باس لەوە دەکات کە لەگەڵ پلاسخارت "هاوڕابووین لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە زووترین کاتدا."
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی دۆخی عێراق و دەستەبەرکردنی مافە دەستووری و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان کراوە و بیروڕا ئاڵوگۆڕ کراوە.