گەنجێک لە ئاوی دووبز ون دەبێت و کەسوکارەکەی لەڕێگەی رووداوەوە داوای بەهاناوەچوون دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
گەنجێکی تەمەن 33 ساڵ لە دووشەممەوە لە ئاوی دووبز ون بووە، کەسوکارەکەی نازانن ماوە یان مردووە، بۆیە لەڕێگەی رووداوەوە داوا دەکەن حکومەت تیمی زیاتریان بۆ بنێرێت و بەهانایانەوە بچن.
ئەو کەسەی دیار نەماوە ناوی کاروان وەلییە، تەمەنی 33 ساڵە و باوکی چوار منداڵە، کەسوکارەکەی دەڵێن بۆ مەلەکردن لەگەڵ هاوڕێیەکی چووەتە ئاوی دووبزەوە و لە بەیانیی رۆژی دووشەممە (19-6-2023)ـوە دیار نەماوە.
سیما فاخر، ئامۆزای کاروان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کاروان لەگەڵ هاوڕێیەکی کە بەیەکەوە لە کۆمپانیای نەوتی باکوور کاردەکەن، بۆ مەلە چووەتە ئاوی دووبزەوە، بەڵام هاوڕێکەی 20 خولەکێک ئاگای لێنەماوە و ئیدی دیار نەماوە، "وامانزانی نقووم بووە و بەدوایدا گەڕاین، بەڵام بەهۆی دۆزینەوەی شوێنپێیەک کە لە شوێنپێی ئەو دەچێت، هیوامان بۆ دروست بووە، کە ئەو هێشتا زیندووە".
بەگوتەی سیما فاخر لەپێناو دۆزینەوەی کاروان، ماوەی سێ رۆژە، رۆژانە چوار کاژێر ئاوی بەنداوەکە لە دووکان و کەرکووکیشەوە کەمتر بەردەدرێتەوە.
ماڵباتی کاروان خۆیان بە تیمێک و کەسێکیش بە خۆبەخش یارمەتیان دەدات و لە گەڕان بەردەوامن، ئەوان لەڕێگەی رووداو داوا دەکەن حکومەت هاوکاریی زیاتریان بکات و تیمی زیاتری مەلەوان و شارەزای گەڕانیان بۆ بنێرێت، چونکە وەک خۆیان دەڵێن "لەنزیک حەوت خولەکێک لەو شوێنەی کاروان لێی ون بووە، دارستانێک هەیە و دوێنێ شوێنپێیەکمان دۆزیوەتەوە، شوێنپێیەکە گەورەیە و پێدەچێت شوێنپێی ئەو بێت".
هەر سەبارەت بەو بابەتە، سەرهەد فاتیح، ئەندامی تیمی مەلەوانیی پۆلیسی رووبارەوانی پردێ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "تاوەکو کاژێر شەشی ئێوارەی ئەمڕۆش خەریکی گەڕان بووین، ئێنە تیمی غەواس و رووبارەوانیی پردێ بووین و ئێستا دەستمان هەڵگرتووە، سبەیش گەڕان بەدوایدا بەردەوام دەبێت".