لە ئامەد کەسێک دوو ئامۆزای بەهۆی کێشەی زەویوزار دەکوژێت
رووداو دیجیتاڵ
لە ئامەدی باکووری کوردستان بەهۆی کێشەی زەویوزار، شەڕ لە نێوان دوو خێزان روویدا و دوو برا لەلایەن ئامۆزایەکیانەوە کوژران.
رووداوەکە نیوەڕۆی ئەمڕۆ (چوارشەممە 21ـی حوزەیرانی 2023) روویداوە، کاتێک دەمەقاڵە لەسەر کێشەی زەویوزار لەنێوان سێ ئامۆزا لە بازاڕی سەلاحەددین ئەیوبی لە شارۆچکەی باغڵارـی سەر بە پارێزگای ئامەد دروستبوو و دواتر سەری کێشا بۆ شەڕ.
هەر سێ ئامۆزاکە، پاسەوانی بازاڕ بوون لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی ئامەد. دوای دروستبوونی گرژیی لەنێوانیاندا چەکیان بەڕووی یەکدی راکێشاوە، (مەهمەت ک.) لە کاتی شەڕەکەدا تەقەی لە هەردوو ئامۆزاکەی (قەدری ک.) و (خەیری ک.) کرد و هەردووکیان هەر لە شوێنی رووداوەکە گیانیان لەدەستدا.
(مەهمەت ک.) دوای رووداوەکە بە چەکەکەیەوە خۆی رادەستی پۆلیس کرد و گوازرایەوە ناوەندی لێکۆڵینەوەی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی شارۆچکەی باغڵار.
پارێزگای ئامەد لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاند، رووداوەکە کاژێر 12:30ـی ئەمڕۆ روویداوە. بکوژ و کوژراوەکان ئامۆزای یەکدی بوون و هەرسێکیان پاسەوانی بازاڕ بوون لە یەکەی پاسەوانی سەر بە ئاسایشی ئامەد. بکوژەکە لەکاتی شەڕدا بەخێرایی دەستی وەشاندووە و دەستڕێژی گوللـەی لە دوو ئامۆزاکەی کردووە.
پارێزگای ئامەد راشیگەیاند، دوو براکە گوللـە بە سەریان کەوتووە و دەستبەجێ لە شوێنی رووداوەکە گیانیان لەدەستداوە.
رۆژی 15ـی ئەم مانگەش لە گوندی شیداد کە سەر بە ناوچەی بسمیلێی ئامەدە، هەر لەسەر کێشەی زەوی و زار، شەڕ لەنێوان دوو بنەماڵەدا روویدا، بەو هۆیەوە نۆ کەس گیانیان لەدەستدا و دوو کەسیش بریندار بوون.