گرووپە چەکدارەکان هاونیشتمانییەک لە عەفرین دەکوژن و یەکێکی دیکەش برینداردەکەن
رووداو دیجیتاڵ
چەکدارانی ئۆپۆزیسیۆنی حکومەتی سووریا لە عەفرین تەقە لە دوو هاونیشتمانی دەکەن و برینداریان دەکەن. یەکێکیان بەهۆی سەختی برینەکەی لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.
بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە 18-6-2024، چەکدارانی گرووپی حەمزات کە گرووپێکی ئۆپۆزیسیۆنی سووریان و حکومەتی تورکیا پاڵپشتییان دەکات، تەقەیان لە دوو هاونیشتمانی کرد و هەردووکیان بریندار کردن. جەمال گولین بەکر کە تەمەنی 26 ساڵ و باوکی دوو منداڵ بوو، بەیانی ئەمڕۆ بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا.
رۆژی هەینی 21ـی حوزەیرانی 2024، عەبدولڕەحمان گولین، برای کوژراوەکە میوانی بوولتەنی کاژێر 19:00ی تایبەت بە رۆژئاوای کوردستان و سووریای تۆڕی میدیایی رووداو بوو و گوتی: "براکەم بە ماتۆڕ لە کار گەڕاوەتەوە بۆ ماڵ و لە رێگە گرووپە چەکدارەکان ویستوویانە ماتۆڕەکەی لێ بستێنن، ئەویش هەڵهاتووە و لە پشتەوە تەقەیان لێکردووە و گوللەیەک بەر پشتی کەوتووە و دواتر لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا".
عەبدولڕەحمان گولین گوتی:"براکەم هاوڕێیەکی دیکەشی لەگەڵ بوو بە ناوی محەممەد عەلی کە دراوسێی خۆیانە لە گوندی دارگر؛ گوللەیەک بەر قاچی ئەویش کەوتووە و ئێستا تەندروستی ناجێگیرە".
بە گوتەی عەبدولڕەحمان گولین، کەسێکی خەڵکی گوندی دارگر بەناوی بەکر عەدنان رووداوەکەی بینیوە و ئاماژەی بەوەشکرد: "ئێوارەی ئەو رۆژە چەکدارەکان بەسەر گوندەکەیان داداوە و ئەو هاونیشتمانییەیان گرتووە و تاوەکو ئێستا چارەنووسی نادیارە".