چاودێریی بازرگانیی هەولێر: زیاتر لە 20 شوێن بەهۆی گرانکردنی نرخ سزا دراون
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی هەولێر دەڵێت، لەدوای جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل هەوڵەکانیان چڕتر کردووەتەوە و تاوەکو ئێستا زیاتر لە 20 شوێن بەهۆی گرانکردنی نرخەوە سزا دراون.
رۆژی شەممە 21ی حوزەیرانی 2025 هۆگر عەلی، بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە رۆژانی ئاساییدا لیژنە و تیمەکانمان بەردەوامن لە گەڕان بەناو بازاڕ و شوێنە گشتییەکاندا، بۆ ئاگاداربوون لە نرخ لە بەرژەوەندیی خەڵکی هەژار و کەمدەرامەت، بەڵام لەدوای جەنگەوە هەوڵەکانمان چڕتر کردووەتەوە."
بە گوتەی هۆگر عەلی، 21 شوێن سزادراون کە یەکێک لەوانە شوێنەکەی داخراوە. گوتیشی، "ئەو شوێنەی کە داخراوە، بۆ هەر کاڵایەک 10 هەزار دیناری زیاد کردبوو."
لەبارەی سزاکەیانەوە، بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی هەولێر دەڵێت، "بە پێبژاردن سزا دەدرێن، لە 50 هەزار دینارەوە دەستپێدەکات تاوەکو سێ ملیۆن و 500 هەزار دینار."
19ی حوزەیرانی 2025 عەبدوڵڵا شێرکاوەیی، گوتەبێژی یەکێتیی زانایانی ئیسلامیی کوردستان بە رووداوی گوت، "بەرزکردنەوەی نرخی خۆراک و کەلوپەل بە بیانووی جەنگی ئێران و ئیسرائیل، حەرامە و کارێکی نادروستە."
16ی حوزەیرانی 2025 نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، "تاوەکو ئێستا سنوورەکان دانەخراون، ئەمڕۆ سەردانی بەشێکی زۆری کۆگاکانی هەولێرمان کردووە، هیچ مەترسییەک نییە، ئەگەر دەروازەکانیش دابخرێن، تاوەکو ساڵی داهاتووش خۆراک هەیە."
شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێران لە بەرەبەیانیی رۆژی 13ـی حوزەیرانەوە دەستیپێکردووە و تاوەکو ئێستا بەردەوامە.