گرژییەکانی ناوچەکە جموجۆڵی بازرگانی سنوورەکانی ئێران و هەرێمی کوردستانی سست کردووە
رووداو دیجیتاڵ
شۆفێرانی بارهەڵگری دەروازەی نێودەوڵەتیی باشماخ، 4 رۆژە بەهۆی کەمبوونەوەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە باشووری کوردستان ماونەتەوە. پشوو و خەویان لەنێو بارهەڵگرەکانیانە.
دیاکۆ محەممەد، خەڵکی رۆژهەڵتی کوردستانە و شۆفێری بارهەڵگرە و دەڵێت، "لێرە شوێنی حەوانەوە و خەوتن نێو بارهەڵگرە، ئێستا بەبۆنەی شەڕ لەسەر سنوور پشکنینی زۆر دەکەن، جاران ئۆتۆمبێل زیاتر دەهات و دەرۆیشت، بەڵام ئێستا لەبەر ئەم بارودۆخە کەسمان نەبینیوە بێت. چەند رۆژە قیرم بارکردووە بۆ بەندەر عەباس، بەڵام سێ رۆژە لە سەرەم نەهاتووە."
حوسین رەسوڵ، شۆفێرێکی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستانە و باس لەوە دەکات، "ئەو بارەی ئەوسا لە یەک رۆژ تەواو دەبوو، ئێستا بووەتە 4 رۆژ، من باشم ئەوانەی قیریان پێیە دەچێتە 7 رۆژ، بەڵام دووری ماڵ و منداڵ و ئەوەی وڵاتەکەمان وایە ئەوەیان ناخۆشە."
لە هەردوو دەروازەی پەروێزخان و نیمچە فەرمی کێلێ هاتووچۆی بازرگانی سست بووە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ کاریگەری لەسەر نرخی کاڵا و شتومەک نەبووە.
دیار محەممەد، بازرگانە لە دەروازی باشماخ و دەڵێت، "دەروازەکە کێشەی نییە کراوەیە، دەروازەی باشماخ، پەروێزخان و حاجی ئۆمەران کراوەن و لاوەکییەکانی داخستووە. بارەکان لە لای ئێران بەهۆی شەڕەوە کەمی کردووە. لە رووی خۆراکەوە نزیکەی 9-7 مانگە بەغدا ناهێلێت، خۆراکی ئێرە بچێتە نێوەڕاست و خوارووی عێراق، سوپاس بۆ خوا کۆگاکان پڕن."
لە هەر سێ دەروازەی باشماخ، پەروێزخان و دەروازەی نیمچە فەرمی کێلێ زیاتر لە هەزار بارهەڵگر هەن کە ئاڵوگۆری بازرگانی دەکەن بەڵام بەهۆی کاریگەرییەکانی شەری ئیسرائیل ئێران بەرێژەیەکی بەرچاو کەمی کردوە