لە چەمچەماڵ بەهۆی کێشەی زەوییەوە پیاوێک لە ئاهەنگێکدا کوژرا

رووداو دیجیتاڵ 

لە ئاهەنگێکی بوکگواستنەوەدا لە چەمچەماڵ بەهۆی کێشەیەک لەسەر سێ دۆنم زەوی، کەسێک کوژرا و کەسێکی دیکەش بریندار کرا. ئەو کەسەی کوژراوە ناوی محەممەدە و دوو هاوژین و هەشت منداڵی لەدوای خۆی بەجێهێشتووە.
 
محەممەد جەمیل، تەمەنی 50 ساڵ بوو، رۆژی 20ی تەممووز، خۆی و منداڵ و هاوژینەکەی و برای هاوژینەکەی لە گوندی سەرچناری ناحیەی ئاغجەلەرەوە چووبوونە تەقتەق بۆ بەشداری لە ئاهەنگی بووکگواستنەوەی ناسیاوێکیان، بەڵام لەوێ بنەماڵەی ئامۆزای برای هاوژینەکەی تەقەیان لێدەکەن و محەممەد دەکوژن و برای هاوژینەکەشی بەسەختی بریندار دەکەن و هەڵدێن.
 
محەممەد، دوو هاوژین و هەشت منداڵی لەدوا بەجێماوە، ئەوان دەڵێن تەقەکەرەکان لەبەرچاوی ژن و منداڵەکان محەممەدیان کوشتووە. 
 
هاوژین جەمیل، هاوژینی کوژراوەکە لەگەڵ هاوژینەکەی چوبوونە ئاهەنگەکە، بەرووداوی گوت: "ئێمە هەر کەچووینە ئاهەنگەکە، دانیشتین و یەکسەر ئەو جەماعەتە خۆیان کرد بەژووردا. من یەکسەر باوەشم کرد بە براکەمدا و کردمە پشت خۆمەوە، چونکە هیچ پێشبینیم نەدەکرد تەقە لەمێردەکەم بکرێت، بەڵام دەمزانی پێشتر براکەم و ئەو کەسانە کێشەیەکی بچووکیان هەبووە، بەخوا سێ جار یەکێک لە تەقەکەرەکان سوڕایەوە بە چواردەورماندا و تەقەی دەکرد و دەیویست سینگی براکەمی بۆ دەربکەوێت و فیشەکی پێوەبنێت، من خۆم کردە قەڵخان".
 
بەناز محەممەد، کچی کوژراوەکەیە و دەڵێت: "داوا لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکەم، بکوژ دەستگیربکات، چونکە بکوژ ئەفسەرە لە وەزارەتی پێشمەرگە و هاتووە لێرە کەتنەکەی کردووە و هەڵهاتووە، باوکی من تاقانەی ئەنفال بوو و کۆمەڵێک منداڵی بچووکی هەبوو".
 
محەممەد پێنج فیشەکی بەرکەوتبوو، خزمەکانی هەر لەگوندی سەرچنار، کۆبوونەتەوە و دەڵێن پرسە دانانێن تا بکوژەکان دەستگیر نەکرێن، چونکە بەرەو هەولێر هەڵهاتووە. 
 
ئامانج محەممەد،  کوڕی کوژراوەیە بەرووداوی گوت: "هەر دانیشتبووین یەکسەر بوو بە تەقە، باوکم کە بینی تەقەیە وەکو ناوبژی و فریاکەوتنێک چوو بەهانایانەوە تا شەڕەکە کۆتایی پێبێت کەچی باوکمیان دایە بەر دەسڕێژی گوللـە".
 
سەرباز مەلا ستار، مامۆستای ئایینیە و بە رووداوی گوت: "ئەم بابەتە کە روویداوە، محەممەد هیچ لایەنێکی کێشەکە نەبووە. کاتێک ئەوە لەنێوان ئەو خزمانەی گوندی جەلەمۆرد رویداوە، ئەو تەرەف نەبووە و کێشەکەش بچووک بووە".
 
ئەو کەسەی دیکە کە لەگەڵ محەممەد بریندار بووە کە لەراستیدا تەقەکان بۆ کوشتنی ئەو کراون، ئێستا لە نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی لەژێر چاودێری پزیشکیدایە و دۆخی تەندروستی جێگیرە.
 
سەرەتای ئەم کێشەیە دەگەڕێتەوە بۆ دوو مانگ لەمەوبەر لەسەر کێشەی زەویوزار بووە، بە دیاریکراویش لەسەر پارچە زەوییەک، کە رووبەرەکەی تەنیا سێ دۆنم دەبێت.