نرخی دەرمان لە رۆژئاوای کوردستان بەرزبووەتەوە

رووداو دیجیتاڵ 

بەهۆی دابەزینی بەهای لیرەی سووری و کڕینی کەرەستەکانی زۆرینەی دەرمانەکان بە دراوی بیانی، نرخی دەرمان لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا بەرزبووەتەوە.
 
ئەنجامەکەش ئەوەیە کە بەشێک لە دەرمانەکان لە دەرمانخانەکانی رۆژئاوای کوردستاندا بە کەمی دەستدەکەون؛ ئەگەریش دەستبکەون نرخ بەرزە، لەوانەش دەرمانی شێرپەنجە.
 
سەلاح رەمۆ، پزیشکی دەرمانساز دەڵێت، "لەڕاستیدا، دەرمانی بیانی خۆی هەر گرانە. دەرمان هەمووی گرانە، بەڵام بیانییەکە گرانتریشە. بۆ نموونە، دەرمانی بیانی بە 10 دۆلار و 5 دۆلار و 20 دۆلارە. دەرمانی نێوخۆش گرانە. دەرمان بەشێوەیەکی گشتیی نییە، 30٪ کورتهێنانی هەیە. ئێستا مامەڵەکان راگیراون و دەرمان دەستناکەوێت. بۆیە کاتێک ئێمە دەرمانەکە دەکڕین، گران لەسەرمان دەوەستێت. بۆ هاونیشتمانییانیش قورسە بتوانن بیکڕن." 
 
لە جزیرەی رۆژئاوای کوردستان، نرخی هەندێک دەرمان بەگوێرەی جۆرەکانی، لە 30%ـەوە بۆ 100% بەرزبووەتەوە.
 
حەبی تایبەت بە پەستانی خوێن بە 53 هەزار و 400 لیرەیە (کە دەکاتە 4.45 دۆلار) پارچەیەک حەبی هەوکردن 27 هەزار لیرەیە (کە دەکاتە 2.25 دۆلار)؛ حەبی ئازاری گەدە 5 هەزار لیرەیە (کە دەکاتە نیو دۆلار)؛ حەبی روونکردنەوەی خوێن بە 13 هەزار لیرەیە (کە دەکاتە 1.08 دۆلار) و شرووبی کۆکە 10 هەزار لیرەیە (کە دەکاتە 0.83 دۆلار).
 
پێش دەستپێکردنی شەڕی نێوخۆ لە سووریا لە ساڵی 2011، زۆرینەی پێداویستیی نێوخۆ لە دەرمان سووریا خۆی بەرهەمی دەهێنان، بەڵام ئێستا لەبەر سزاکانی وڵاتانی رۆژئاوا لەسەر حکومەتی سووریا؛ لەنێوچوونی بەشێکی کارگەکانی دەرمان لەبەر شەڕ و دابەزینی بەهای لیرەی سووری، وڵاتەکە ناتوانێت وەکو پێشتر دەرمان بەرهەم بهێنێت.