لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە رووها کەسێک گیانی لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە رووهای باکووری کوردستان کەسێک گیانی لەدەستدا.
ئۆتۆمبێلێک لەسەر رێگەی سەرەکیی نێوان شارۆچکەی سێوەرەک و ناوەندی شاری رووها لە باکووری کوردستان "بەهۆی تیژڕۆییەوە" کۆنترۆڵی لەدەستدا، ئۆتۆمبێلەکەی وەرگەڕا و لە ئەنجامدا شوفێرەکە گیانی لەدەستدا و زیانێکی زۆریش بەر ئۆتۆمبێلەکەی کەوت.
بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی رووها لەبارەی رووداوەکە رایگەیاند، رووداوەکە کاژێر 16:42 خولەکی ئەمڕۆ هەینی، 21ی تەممووزی 2023 روویداوە و ئاماژەی بەوەشکردووە، ئۆتۆمبێلەکە بەخێراییەکی زۆر رۆیشتووە و کاتێک گەیشتووەتە نزیک ئۆتۆمبێلەکانی هەمان رێڕەوی خۆی، کۆنترۆڵی لەدەستداوە و بووەتە هۆی وەرگەڕانی.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، ساڵی 2022 لە باکووری کوردستان و تورکیا 485 هەزار و 48 رووداوی هاتووچۆ روویانداوە و دوو هەزار و 282 کەس گیانیان لەدەستداوە و 291 هەزار و 151 کەسی دیکەش برینداربوون.