دەنگێکی گەورە لە باڵەکایەتی بیسترا

رووداو دیجیتاڵ 

لە شارەدێکانی وەرتێ و قەسرێ لە باڵەکایەتی دەنگێکی گەورەی "هاوشێوەی تەقینەوە" بیستراوە و لەرینەوەی زەویشی لەگەڵدا بووە. 
 
دەنگ و لەرزینەکە کاژێر 21:45 خولەک بووە و تەنیا لەو دوو شارەدێیە هەستی پێکراوە و لە قەزاکانی سۆران و چۆمان هەستی پێ نەکراوە. 
 
شاخەوان حوسێن، بەڕێوەبەری شارەدێی قەسرێ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دەنگێکی بەرز لە سنووری قەسرێ و وەرتێ بیستراوە. گوتیشی دەنگەکە زۆرتر لە زینی وەرتێ نزیک بووە و نازانرێت دەنگ و لەرزینەکە چی بووە. 
 
چەند هاونیشتمانییەکی وەرتێش بە رووداویان راگەیاند، لەرزینەکە بە ئاستێک بووە "لە شێوەی بوومەلەرزەیەکی بەهێز" و لە سەنتەری شارەدێی وەرتێ و گوندەکانی دەوروبەری هەستی پێ کراوە.