پەرلەمانی عێراق داواى سنوورى کارگێڕیى پارێزگای هەڵەبجە دەکات


رووداو دیجیتاڵ

لیژنەى یاسایی پەرلەمانى عێراق نووسراو بۆ حکومەتى هەرێمى کوردستان دەکات کە سنوورى یەکە کارگێڕییەکانى پارێزگاى هەڵەبجەیان بۆ بنێرێت، وەکو ئامادەکارى بۆ دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونى ئەو شارە کە بەگوتەى پەرلەمانتارێکى عێراق، ئەو دەنگدانە دەکەوێتە هەفتەکانی داهاتوو. 

یادگار مەحموود، ئەندامى لیژنەى یاسایی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، وەکو لیژنەى یاسایی لە رێگەى نوێنەرایەتییەکەیانەوە لە بەغدا نووسراوێکیان ئاراستەى حکومەتى هەرێمى کوردستان کردووە بۆئەوەى سنوورى پارێزگاى هەڵەبجە دیاری بکات و چاوەڕێى ئەوانن وەڵامیان بدەنەوە.
 
رۆژی 9ـى تەممووزى 2023، محەممەد تەمیم، وەزیرى پلاندانانی عێراق نەخشەى کۆتایی سنوورى کارگێڕیى قەزا و ناحیەکانى پارێزگاى هەڵەبجەى پەسند کرد، ئەمەش لەچوارچێوەى رێوشوێنەکان بۆ تەواوکردنى رێکارەکانى بەپارێزگاکردنى هەڵەبجە و ئەو نەخشەیەى ئاراستەى پەرلەمان کرد.
 
بەگوێرەى مادەى دووى پڕۆژەیاساى بەپارێزگاکردنى هەڵەبجە، دەبێت حکومەتى هەرێمى کوردستان سنوورى یەکە کارگێڕییەکانى  هەڵەبجە دیاری بکات. 
 
موسەنا ئەمین، ئەندامى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت، هەفتەى داهاتوو کارى پەرلەمانتاران لە پارێزگاکان دەبێت، بەڵام هەفتەى دواتر دەگەڕێنەوە و کۆبوونەوەکانى پەرلەمان دەستپێدەکاتەوە، کە بڕیارە لەو هەفتەیەدا دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاساى بەپارێزگاکردنى هەڵەبجە بخرێتە بەرنامەی کارەوە.
 
پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکردنى هەڵەبجە كە بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە 13-03-2023 پەسندکرا، بە نووسراوی ئەمیندارێتیی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە 14-03-2023 رەوانەی پەرلەمان کرا و خوێندنەوەى یەکەم و دووەمی بۆ کراوە.