چوار ملیۆن هاونیشتمانی فۆرمی خۆراکیان پڕکردووەتەوە؛ هۆشداری دەدرێتە ئەوانەی ناویان تۆمار نەکردووە

 
رووداو دیجیتاڵ

زیاتر لە چوار ملیۆن هاونیشتمانی لە سنووری چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان ناوی خۆیان لە سیستمی ئەلیکترۆنیی فۆرمی خۆراک تۆمار کردووە، زیاتر لە ملیۆنێک کەس ماون خۆیان تۆمار بکەن.
 
لە 2ی حوزەیرانی 2025ـەوە پڕکردنەوەی فۆرمی ئەلیکترۆنیی خۆراک دەستیپێکرد و بڕیارە 01ی ئاب دوایین رۆژ بێت. بەرپرسانی خۆراک دەڵێن، "10 رۆژ کات ماوە و هەرکەس ناوی تۆمار نەکات، بەشەخۆراکی دەبڕدرێت."
 
سیامەند قادر نانەکەلی، بەڕێوەبەری پسووڵەی خۆراکی هەولێر، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "تاوەکو ئەمڕۆ لە ملیۆنێک و 984 کەس، ملیۆنێک و 550 هەزاریان فۆرمی ئەلیکترۆنییان پڕکردووەتەوە."
 
بەڕێوەبەری پسووڵەی خۆراکی هەولێر ئاماژەی بەوەکرد، پڕکردنەوەی فۆرمی خۆراک لەلایەن هاونیشتمانییانەوە بەردەوامە، بەڵام بەراورد بە رابردوو زۆر کەمیکردووە.
 
سیامەند نانەکەلی دەڵێت، "ئەو ژمارە کەسەی تاوەکو ئەمڕۆ فۆرمەکەیان پڕنەکردووەتەوە، بەشێکیان لە ژیاندا نەماون، بەشێکیان لە دەرەوەی وڵاتن."
 
هەروەها ئاراس محەممەد، بەڕێوەبەری پسووڵەی خۆراکی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەگوێرەی نوێترین داتای بەردەستمان، لە ملیۆنێک و 967 هەزار و 51 هاونیشتمانی ملیۆنێک و 471 هەزار و 354 یان فۆرمی ئەلیکترۆنییان پڕکردووەتەوە کە دەبێتە 75%ـی کۆی هاونیشتمانییان."
 
بە گوتەی ئاراس محەممەد، پڕکردنەوەی فۆرمی ئەلیکترۆنی لە سنوورەکەیان بەردەوامە؛ گوتیشی، "تاوەکو ئێستا هیچ پەیامێک نییە بۆ درێژکردنەوەی کاتەکە."
 
لە دهۆک لە زیاتر لە ملیۆنێک و 320 هەزار کەس لە رێگەی فۆرمی خۆراکەوە مانگانە بەشەخۆراک وەردەگرن.
 
حوسێن سەبری، بەڕێوەبەری پسووڵەی خۆراک لە دهۆک ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تاوەکو ئەمڕۆ زیاتر لە 70%ـی هاونیشتمانیان کە دەکاتە 920 هەزار و 238 کەس فۆرمەکەیان پڕکردووەتەوە".
 
بەڕێوەبەری پسووڵەی خۆراک داوای لە هاونیشتمانییان کرد لەم 10 رۆژەی ماوە فۆرمەکە پڕبکەنەوە و گوتی: "تکایە دەرفەتە و لەدەستی مەدەن، تۆمار نەکرێن بەشەخۆراکتان دەبڕدرێ".
 
لەبارەی پارێزگای هەڵەبجەشەوە، مەریوان هادی، بەڕێوەبەری بازرگانی و کەلوپەلی خۆراک لە هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە سنوورەکەمان نزیکەی 115 هەزار کەس بەشەخۆراک وەردەگرن و لەو ژمارەیە زیاتر لە 90 هەزاریان لە سیستمەکە تۆمارکراون کە دەبێتە زیاتر لە 85%."
 
بۆ نوێکردنەوە و تۆمارکردنی هەموو خێزانەکان لە فۆرمی ئەلیکترۆنی، ئەپلیکەیشنێک ئامادەکراوە بە زمانەکانی کوردی و عەرەبی بەردەستە و زانیارییەکانی تێدا تۆمار دەکەیت.
 
تاوەکو ئەمڕۆ خزمەتگوزاری گواستنەوەی فۆرم و زیادکردنی ناوی منداڵ بۆ سیستمی ئەلیکترۆنی فۆرمی خۆراک زیادنەکراوە، بڕیارە دوای تەواوبوونی ماوەی پڕکردنەوەی فۆڕمەکە خزمەتگوزارییەکانی دیکە چالاکبکرێن.
 
مانگانە لە رێگەی فۆرمی خۆراکەوە لە سنووری سلێمانی و هەڵەبجە دوو ملیۆن و 74 هەزار و 129 کەس، لە پارێزگای هەولێر ملیۆنێک و 984 هەزار کەس و لە پارێزگای دهۆکیش زیاتر لە ملیۆنێک و 320 هەزار کەس بەشەخۆراک وەردەگرن.