خشتەی تاقیکردنەوەی خولی دووەمی پۆلی 12ـی ئامادەیی بڵاوکرایەوە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی پەروەردە خشتەی تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12ـی ئامادەیی بۆ خولی دووەم بڵاوکردەوە؛ لە کۆتایی مانگی داهاتووەوە دەستپێدەکات. هەفتانەش سێ تاقیکردنەوە دەکرێت.
رۆژی دووشەممە، 21ـی تەممووزی 2025، وەزارەتی پەروەردە لە نووسراوێکدا خشتەی تاقیکردنەوەکانی خولی دووەمی پۆلی 12ـی ئامادەیی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، رۆژی 23ـی ئابی 2025 یەکەم تاقیکردنەوەی خولی دووەم کاژێر 07:30ـی بەیانی بەڕێوەدەچێت.
یەکەم تاقیکردنەوە بۆ بەشی زانستی بە وانەی زیندەزانی و بۆ بەشی وێژەیی بە مێژوو دەستپێدەکات. تاقیکردنەوەکان تاوەکو 8ـی ئەیلوولی 2025 بەردەوام دەبن؛ هەفتانە سێ تاقیکردنەوە دەکرێت.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "هەر رۆژێک ببێتە پشوو، رۆژی دواتر تاقیکردنەوەکان بە هەمان رێزبەندیی پێشوو بەردەوام دەبن."
نوورەدین عوسمان، بەڕێوەبەری گشتیی ئەزموونەکان لە وەزارەتی پەروەردە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تائێستا نازانین چەند قوتابی بەشداری خولی تاقیکردنەوەکان دەکەن، چونکە بەشێکیان بە مەبەستی بەدەستهێنانی نمرەی بەرزتر ناچنە تاقیکردنەوەکان."
بە گوتەی نوورەدین عوسمان، دوو بۆ سێ رۆژ دوای تاقیکردنەوەکانی خولی دووەم ئەنجامەکان رادەگەیێندرێن.
رۆژی 1ـی حوزەیرانی 2025، تاقیکردنەوەی خولی یەکەمی پۆلی 12ـی ئامادەیی لە 2,017 هۆڵ لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو.