لە سۆران زەوی بۆ 18 هەزار فەرمانبەر نییە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی سۆران دەڵێت، بەهۆی ئەوەی زەویی پێویست لە بەردەست نییە، دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دوادەکەوێت.
رۆژی دووشەممە، 21ـی تەممووزی 2025، خەسرەو ئیسماعیل، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی سۆران، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە سنووری ئیدارەکەمان، ناوی 26 هەزار کەس هاتووەتەوە کە لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند دەبن، بەڵام تەنیا 8 هەزار پارچە زەوی هەیە؛ بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافیای سۆرانەوە کە زیاتر شاخاوییە، کێشەی زەویمان بۆ دروست بووە."
بە گوتەی خەسرەو ئیسماعیل، بڕیارە لەگەڵ سەرپەرشتیاری ئیدارەکە و لایەنە پەیوەندیدارەکان کۆببنەوە بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەیەک بۆ ئەو 18 هەزار کەسە.
بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی سۆران پێشنیاز دەکات، ئەو 8 هەزار کەسە بەپێی خاڵبەندی زەوی وەربگرن؛ واتە ئەوانەی خزمەتیان زیاترە، لە قۆناخی یەکەمدا سوودمەند بن.
لەبارەی کاتی دابەشکردنی زەوییەکان، خەسرەو ئیسماعیل دەڵێت: "تائێستا دیار نییە و دوادەکەوێت؛ چونکە دەبێت کۆبوونەوەی بۆ بکرێت و رێگەیەکی گونجاوی بۆ بدۆزرێتەوە."
17ـی ئەم مانگە، لە هەولێر تیروپشک بۆ ناوی نزیکەی 14,000 فەرمانبەر کرا و لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند بوون.
رۆژی 09-02-2025، حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، گەڕی دووەمی پێدانی زەوی بە فەرمانبەران دەستپێدەکات و ئەمجارە زیاتر لە 240 هەزار فەرمانبەر لێی سوودمەند دەبن.
ئەمە لە کاتێکدایە، قۆناخی یەکەمی تیروپشک و دابەشکردنی زەوی لە 17ـی تشرینی دووەمی پار دەستیپێکرد. لە هەولێر 5 هەزار، لە سلێمانی 6 هەزار و 577، لە گەرمیان دوو هەزار و 474، لە دهۆک هەزار و لە زاخۆش هەزار و 241 پارچەزەوی دابەش کران.
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە 27-03-2024، بڕیاری دابەشکردنی زەوی بۆ ئەو فەرمانبەر و خانەنشینانە دا کە سوودمەند نەبوون.
رووبەری ئەو زەوییەی بۆ هەر فەرمانبەرێک تەرخان دەکرێت 200 مەتر دووجایە؛ دابەشکردنی زەویش بەشێوەی تیروپشک و بەپێی سیستمی خاڵبەندییە.
سێ مەرج دیاریکراون: ساڵانی خزمەت، ژمارەی ئەندامانی خێزان و شوێنی نیشتەجێبوون.