بە هۆی گەرماوە لە لوڕستان کرایە پشوو

رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی گەرما و کەمیی کارەبا، لە پارێزگای لوڕستان سبەی لە فەرمانگە حکومییەکان کرایە پشوو.

رۆژی دووشەممە، 21ی تەممووزی 2025، مەهدی پازوکی، بەڕێوەبەری ناوەندی کۆنترۆڵی قەیرانی پارێزگای لوڕستان لە رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و گوشاری زۆر لەسەر تۆڕی کارەبای پارێزگاکە، سبەی سێشەممە لە سەرجەم فەرمانگە حکومییەکانی پارێزگاکە پشوو دەبێت."
 
مەهدی پازوکی  ئاماژەی بەوەدا بەهۆی گەرماوە بەکارهێنانی کارەبا لە پارێزگاکە زیاتر بووە و بۆ ئەوەی بتوانن بەکارهێنان کەم بکەنەوە، دەوامی فەرمانگە حکومییەکانیان کەمکراوەتەوە.
 
بڕیارەکەی ناوەندی کۆنترۆڵی قەیرانی لوڕستان، دامەزراوە خزمەتگوازی و فریاگوزراییەکانی وەک نەخۆشخانە، بنکە تەندروستییەکان و هەروەها ناوەندە ئەمنییەکان ناگرێتەوە.
 
هەروەها ناوەندی کۆنترۆڵی قەیرانی پارێزگای ئیلام رایگەیاند، بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و گوشاری زۆر لەسەر تۆڕی کارەبای پارێزگاکە، سبەی سێشەممە دەوامی فەرمانگە حکومییەکان دوو کاژێر کەم دەبێتەوە و فەرمانبەران زووتر دەگەڕێنەوە ماڵەوە.
 
بەپێی بڕیاری بەڕێوەبەرایەتیی ناوەندی کۆنترۆڵی قەیرانی پارێزگاکە رۆژی چوارشەممە 23ی تەممووز فەرمانگە حکومییەکان دەکرێنە پشوو.
 
بڕیارەکەی ناوەندی کۆنترۆڵی قەیرانی ئیلام دامەزراوە خزمەتگوازی و فریاگوزراییەکانی وەک نەخۆشخانە، بنکە تەندروستییەکان و هەروەها ناوەندە ئەمنییەکان ناگرێتەوە.
 
ماوەی چەند رۆژە پلەی گەرما لە پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەرزبووەتەوە لە هەندێک ناوچە گەیشتووتە 49 پلەی سیلیزی.
 
ئەوە لە کاتێکدایە لە پێنج پارێزگای ئێرانیش سبەی کاژێرەکانی کارکردن کەم کراونەتەوە و رۆژی چوارشەممەش کراوەتە پشوو.
 
پێشتر کەشناسیی ئێران رایگەیاندبوو، رۆژی 22 و 23ی مانگی تەمموزی پلەی گەرما بەرز دەبێتەوە دەگاتە سەرووی 50 پلەی سیلیزی.