بەڕێوەبەری ئاوی چەمچەماڵ: 13 رۆژ جارێک ئاو دابەش دەکەین
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری ئاوی چەمچەماڵ دەڵێت، بێ ئاوی بەردەوامە و دابەشکردنی ئاویش لە بەشێکی سنوورەکە گەیشتووەتە 13 رۆژ جارێک.
زیاد جاندار، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی قەزای چەمچەماڵ لە پارێزگای سلێمانی، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئاو زۆر زۆر کەمە و بەگوێرەی گەڕەکەکان دابەشکردنی جیاوازە. گەڕەکمان هەیە 11 رۆژ جارێک و گەڕەکیش هەیە 13 رۆژ جاوێک ئاوی پێدەدرێت."
بەڕێوەبەری ئاوی چەمچەماڵ گوتی، کارکردن لە پڕۆژەی ئاوی چەمچەماڵ – گۆپتەپە دەستیپێکردووەتەوە و بەردەوامە؛ گوتیشی، "هیچ لایەنێک پارەی بۆ پڕۆژەکە خەرج نەکردووە. ئەوەی ئێستا هەیە بەو پارەیە کاری تێدا دەکرێت کە لەلایەن نووسینگەی کاک قوباد تاڵەبانییەوە بڕیاری خەرجکردنی دراوە."
10 ساڵە سنووری قەزای چەمچەماڵ کێشەی کەمئاوی هەیە و بڕیارە بە تەواوبوونی پڕۆژەی ئاوی (گۆپتەپە - چەمچەماڵ) کێشەکانیان کۆتایی بێت.
26ـی حوزەیرانی 2024 نووسراوی کارکردن لە پڕۆژەی ئاوی چەمچەماڵ – گۆپتەپە کرا و 30ـی هەمان مانگ کارکردن تێیدا دەستیپێکرد، بەڵام بەهۆی خەرجنەکردنی پارەوە نێوەڕاستی مانگی ئایار کارکردن بۆ ماوەیەک تێیدا وەستا و دواتر دەستیپێکردەوە.
بۆ دابەشکردنی ئاو سێ رۆژ جارێک لە گەڕەکەکانی چەمچەماڵ، سنوورەکە پێویستی بە 60 هەزار مەتر سێجا ئاوە لە 24 کاژێردا، بەڵام ئێستا نزیکەی 30 هەزار مەتر سێجا ئاوی لەبەردەستدایە.
لە بەشێکی گەڕەکەکان لەلایەن قایمقامییەتەوە بە تانکەر ئاو دابەش دەکرێت.
پڕۆژەی ئاوی چەمچەماڵ – گۆپتەپە بڕیارە 26-06-2026 تەواو ببێت، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ کەمتر لە 10%ی کارەکانی تەواو کراون.