بەڕێوەبەری کارەبای هەڵەبجە: کارەباکەمان بە جارێک دەخرێتە نێو پڕۆژەی رووناکی

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای هەڵەبجە رایگەیاند، هەموو ناو شاری هەڵەبجە پێکەوە بە یەک زۆن دەخرێتە نێو پڕۆژەی رووناکی، زیاتر لە 25 هەزار هاوبەش لە شارەکەدا کارەبایان دەبێتە 24 کاژێری. دەشڵێت، بەهۆی قەیرانی دارایی و نەبوونی بوودجە بەشێکی ئامێرەکانیان کێشەی بۆ دروست بووە و بۆیان چاک ناکرێتەوە.
 
ئەندازیار کاوان کەریم، بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای هەڵەبجە، میوانی بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو بوو رایگەیاند: "لە 15ی تەممووزەوە دەستمان بە رووپێوی کردووە بۆ ئەوەی تەواوی سەنتەری شاری هەڵەبجە بخرێتە نێو پڕۆژەی رووناکی و کارەبای 24 کاژێری بۆ دابین بکەین، کە 17 فیدەری کارەبا و نزیکەی 25 هەزار و 600 هاوبەشی نێو شار دەگرێتەوە."
 
لەبارەی پشکی کارەبای پارێزگاکە، بەڕێوەبەری کارەبای هەڵەبجە دەڵێت، ئێستا رۆژانە نزیکەی 80 بۆ 85 مێگاوات کارەبا بە پارێزگاکە دەدرێت و رۆژانە لەنێوان 9 بۆ 12 کاژێر کارەبای نیشتمانی دەدرێتە هاونیشتمانییان و ئەوەی دیکە لە رێگەی موەلیدە ئەهلییەکانەوە دابین دەکرێت. 
 
سەبارەت بە خشتەی کارەبای گوندەکانیش گوتی: "چونکە گوندەکان موەلیدەیان نییە، بایەخی زیاترمان پێداون و رۆژانە زیاتر لە 10 کاژێر کارەبایان پێدەدرێت، بەتایبەتی لە نیوەڕۆ و شەواندا.
 
لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە زیاتر لە 41 هەزار و 300 هاوبەشی کارەبا هەن. بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای هەڵەبجە باس لەوە دەکات کە "بەرزترین خواست لەسەر کارەبا لە وەرزی زستانە دەگاتە 115 مێگاوات و لە هاوینیشدا بە نزیکەیی لەنێوان 100 بۆ 110 مێگاواتە."
 
قەیرانی دارایی و گرفتی مووچە کێشەی گەورەی بۆ زۆرینەی سێکتەرە خزمەتگوزارییەکان دروستکردووە، کاوان کەریم دەڵێت، "سەرەڕای ئەو دۆخە سەختە فەرمانبەرانمان هەر بەردەوامن لە کارکردن، بەڵام دۆخەکە وا بڕوات توانای ئێمەش سنووردارە، هاوکات نزیکەی 30 ئۆتۆمبێلمان هەن کۆن بوون و پێویستیان بە گۆڕینە." گوتیشی، نزیکەی مانگێکە ئۆتۆمبێلێکی کرێن(سەبەتە)مان هەیە خراپ بووە و لای وەستای میکانیکە، پارەی چاککردنەوەی بۆ خەرجناکرێت."
 
کاوان کەریم داوای لەو هاونیشتمانییانە کرد کە سیستمی سۆلار پاوەر و  وزەی خۆریان داناوە، خۆیان تۆمار بکەن و گوتی: "ئەو کارەبایەی لە پێویستیی خۆیان زیادە، دەتوانن تێکەڵی تۆڕی نیشتمانی بکەنەوە و لە بەرامبەردا لە قەرزەکانیان بۆیان دادەشکێندرێت. خۆشبەختانە ئەمڕۆ یەکەم هاوبەش فۆرمی بۆ ئەو مەبەستە وەرگرتووە."