قایمقامی قەسری شیرین: نابێت سنوورەکان شوێنی گەندەڵی بن و دەستی گەندەڵ و دزەکان دەبڕین

 
رووداو دیجیتاڵ

بازرگانانی دەروازەی سنووریی پەروێزخان لە دیوی ئێران، گلەییان لە شێوازی ئیدارەدانی ئەو دەروازە نێودەوڵەتییە هەیە و رەخنەی لێدەگرن بە "گەندەڵی و خراپ بەڕێوەبردنی."
 
بازرگانان سەردانی جێگری گومرکی ئێرانیان بۆ قەسری شیرین بە هەل زانی و کێشەکانیان بە ئەویش گەیاند، تاوەکو چارەسەریان بکات.
 
جەعفەر دانەچین، بازرگان دەڵێت، "دۆخی پەروێزخان رۆژ لەدوای رۆژ خراپتر دەبێت. بۆ هەر بارهەڵگرێک 200 هەزار تمەنمان لێوەردەگرن، کەس نازانێت لە کوێ خەرج دەکرێت، کۆمپانیایەک هاتووە، خاوەنەکەی تاوەکو ساڵی پار کارگەی داری هەبوو، ئێستا لێرە مۆڵەتی وەرگرتووە بۆ کەرەنتینی رووەکەکان، بۆ هەر بارهەڵگرێک 70 هەزار تمەنم لێوەردەگرێت و بەڵگەیەکم پێدەدات کە تەنیا 500 مەتر پشتی پێ دەبەسترێت."
 
بە گوتەی ئەو بازرگانە، "بازرگانێکی عێراقی ناتوانێت 10 خولەک لای بمێنێتەوە و تۆزێک بحەسێتەوە، ئەویش لە بارانی زستان و گەرمای تاقەتپڕوکێنی قەسری شیرین،" دەشڵێت، "کێشەکانمان زۆرن، دانە و دووان نییە."
 
بارزگانان ئاماژە بەوە دەکەن، کێشەکان تەنیا تەکنیکی نین، بەڵکو گلەییان لە بەرپرسان هەیە و دەڵێن، لەڕووی سیاسییەوە نەیانتوانیوە بوار بۆ هەناردە بڕەخسێنن.
 
شەهبازی، بازرگان دەڵێت، "کێشەی سەرەکیی ئێمە لە سنوور ئەوەیە کە دیپلۆماسییەکی راستەقینەی ئابووریمان لەگەڵ عێراقدا نییە. لە بواری ئابووریدا کێشەمان هەیە، کێشەکەش ئێمە لێرە هەستی پێدەکەین، بەڕێوەبەرانی ئابووریی ئێمە لە سنوورەکانی پەروێزخان و خەسرەوی، بۆ ئەو کێشانەی لە ئاستی نیشتمانیدان، نەیانتوانیوە پەیوەندییەکی سیاسی و ئابووری دروستبکەن."
 
هەردوو دەروازەی پەروێزخان و خەسرەوی دەکەونە سنووری شاری قەسری شیرین، بەڵام بە گوتەی نوێنەری قەسری شیرین لە پەرلەمانی ئێران، نەتوانراوە سوود لە تواناکانی دوو دەروازەکە وەربگیرێت.
 
نوێنەری قەسری شیرین دەڵێت، "ئەگەر هەر لێرە بچمە دەرەوە، دوو هەزار داواکاریی دامەزراندنم پێدەدرێت، ئەگەر سنوور رێکبخرێت، بەڵێن دەدەم ئەگەر رێکخراو بێت، دەرفەتی کار بۆ هەزار کەس دەڕەخسێت."
 
پەروێزخان ساڵی 2007 کرایەوە و لە باشووری کوردستان لەگەڵ شاری کەلار هاوسنوورە و لە سێ مانگی بەهاری ئەمساڵدا 211 ملیۆن و 880 هەزار دۆلار کاڵا و کەلوپەلی لێوە هەناردە کراوە.
 
محەممەد حەیدەری، قایمقامی قەسری شیرین رایگەیاند، "نابێت سنوورەکان شوێنی گەندەڵی بن. دەستی گەندەڵکاران، تاڵانکاران و دزەکان لە هەموو شوێنەکانی شاری قەسری شیریندا دەبڕدرێت و ماف بۆ خاوەن ماف دەگەڕێنینەوە."
 
دەروازە سنوورییەکان قازانجێکی ئەوتۆیان بۆ ئەم شارە نەبووە، بازرگانان داوا دەکەن بەشێک لە داهاتی دەروازە سنوورییەکان بۆ پەرەپێدانی قەسری شیرین تەرخان بکرێت.